75 زیندانی لە دهۆك بە لێبوردنی گشتی ئازاد كران

:: PM:05:59:11/01/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ 75 زیندانی لە چاكسازی گەورانی دهۆك بە لێبوردنی گشتی ئازاد كران  و بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیەكەیش رای دەگەیەنێت، كە ئازادكردنی زیندانیان بەردەوام دەبێت.

عیرفان بەرواری، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازیی گەورانی زركا لە شاری دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ و بەپێی یاسای پەسەندكراوی لێبوردنی گشتی لە پەرلەمانی كوردستانەوە، 75 زیندانیكراوی چاكسازی گەورانی زركا لە شاری دهۆك ئازاد كران.

زیاتر گوتی، پێداچوونەوەی زیاتر لەسەر دوسییەكانی زیندانی كراوان دەكرێت و بەم زووانە چەندان زیندانی تر لە چاكسازی گەورانی زركا لە شاری دهۆك بەردەوام دەبێت كە لیژنەیەكی لێبوردنی گشتی پێكهێنراوە.

ماوەی چەند رۆژی رابردوو پەرلەمانی كوردستانی یاسای لێبوردنی گشتی پەسەند كرد، كە لە 15 بڕگە پێكهاتبوون و بەشێك لە تاوانەكان سزاكانیان كەم كرایەوە، لەوانە سزای لە سێدارەدان بۆ زیندانی 15 ساڵ كەم كرایەوە، بەڵام تاوانەكانی تیرۆر و كوشتن و تاوانی شەرەف و هەندێك تاوانی تر لەو یاسایە بەدەركراون.

پەرلەمانی كوردستان لە كۆتایی مانگی رابردوودا پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی پەسند كرد، كە بەو هۆیەوە دەیان زیندانی لە گرتووخانەكانی هەرێمی كوردستان سوودمەند دەبن و بەشێكیان ئازاد دەكرێن و بەشێكی تریان سزاكەیان كەم دەكرێتەوە، هاوكات یاساكە هەندێك تاوان ناگرێتەوە. 

دهۆك/ نەوزاد هلۆری








وشە - مه‌حموود ئیسماعیل