هەفتەی داهاتوو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی عێراق یەكلا دەكرێتەوە

:: PM:07:17:11/01/2018 ‌

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، تا ئێستە دیار نییە ئایا هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت یان نا، بەڵام بڕیار دراوە یەكشەمی داهاتوو ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە و ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەكانیش هەیە.

حكوومەتی عێراق وادەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی لە مانگی ئایاری ئەمساڵ دیاری كردووە، بەڵام تا ئێستە لە پەرلەمانی عێراق فراكسیۆنەكان بۆچوونی جیاوازیان لەو بارەوە هەیە و لەسەری نەگەیشتوونەتە رێككەوتن و پرسەكەیش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

عەرەفات كەرەم، ئەمڕۆ پێنجشەم بە"وشە"ی راگەیاند، پێشنیازێك هەیە كە لیستە كوردییەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق یەك لیست بن، بەڵام تا ئێستە دیار نییە، كە هەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجام دەدرێت یان  نا، چونكە هەموو پێكهاتەكان بەتایبەت سوننە رازی نین لەو وادەی دیاری كراوە، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

 زیاتر گوتی، بڕیار دراوە، كە یەكشەمی داهاتوو پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەی خۆیدا پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان یەكلا بكاتەوە و دوا بڕیاری لەبارەوە بدات.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق روونی كردەوە، تا ئێستە فراكسیۆنەكان خۆیان یەكلا نەكردووەتەوە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەو وادەی حكوومەت دیاری كردووە، چونكە سوننە رازی نین و شیعەكانیش ناكۆكن و كوردیش بەهۆی ناوچە كوردستانییەكانەوە تا ئێستە بڕیاری خۆیان نەداوە، بۆیە رەنگە هەڵبژاردنەكان شەش مانگ بۆ ساڵێك دوا بخرێت.

پێشتر سەلام زوبێدی سەرۆكی دەزگەی مەسای نێودەوڵەتی بۆ راگەیاندن و شرۆڤەكاری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاندبوو، كە زۆر لە بارستە سیاسییەكان هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدەن، بۆیە وای دەبینم هەڵبژاردنەكان بۆ ماوەی شەش مانگ دوا بخرێت و لەناو پەرلەمان بۆچوونی بەهێز هەیە بەئاراستەی دواخستنی هەڵبژاردنەكان بۆ ماوەی شەش مانگ.

زیاتر گوتی، دواخستنی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی بارستە سیاسییەكانە و بوونی ئاوارەیەكی زۆر و ناوچەیەكی زۆری وێرانبوو و مانەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پەسند نەكردنی بودجە و تەرخان نەكردنی پارە بۆ هەڵبژاردنەكان، هەموو ئەوانە هۆكارن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل