كەمئەندامانی سەنگەر: حكوومەت دەیەوێت مووچەمان بۆ نیوە كەم بكاتەوە

:: PM:08:47:11/01/2018 ‌

لە بەرامبەر هەواڵی كەمكردنەوەی مووچەكانیان، پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانی سەنگەر دەڵێن، پێویستە حكوومەت بیر لە لێ بڕینی مووچەی ئێمە نەكاتەوە، چونكە لە سەنگەرەكانی بەرگری لە كوردستان دژ بە دوژمنان گیان و ئەندامانی جەستەی خۆمان بەخشیووە.

شێركۆ نووری، جێگری سكرتێری پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانی سەنگەر لە سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەم بە "وشە"ی راگەیاند، پێویستە پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانی سەنگەر بە هیچ شێوەیەك مووچەیان لێ نەبڕدرێت و حكوومەت بیر لەوە نەكاتەوە كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە مووچەیان لێ ببڕدرێت وەك پاشەكەوت، كە ئێستە دەیانەوێت مووچەمان كەم بكەنەوە.

زیاتر گوتی، ئەوان كەسانێكن كە لە پێناو پاراستنی خاك و نیشتماندا لە سەنگەرەكانی بەرگری دژی دوژمن، گیان و ئەندامانی جەستەی خۆیان بەخشیووە و بەو ڕۆژەی ئێستەیان گەیاندووە.

نووری روونی كردەوە ، حكوومەت مووچەی ئێمەیش دەبڕێت، واتە پاشەكەوت دەكرێت، بۆیە هۆشداری دەدەینە حكوومەت و پێویستە بیر لەوە نەكاتەوە و لە داهاتوودا رێكار دەگرینەبەر، نامەشمان ئاراستەی حكوومەت كردووە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام وەڵامان وەرنەگرتووە.

جێگری سكرتێری پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانی سەنگەر لە سلێمانی باسی لەوەیش كرد، حكوومەت مووچەی كەمئەندامبووەكانی سەنگەری بە شێوەی نیوە كەم دەكاتەوە، بەڵام ئێمە بەوە رازی نابین و دەبێت مووچەی تەواو وەرگرین و لێمان نەبڕدرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری داوە مووچەی كەمئەندامبووەكانی سەنگەر بەسیستەمی پاشەكەوت دابەش بكات و ئەوانیش ناڕەزایەتی دەردەبڕن و ئامادە نین ئەو مووچەیە وەرگرن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل