دزەكانی سەرەمەنهۆڵ گیران

:: PM:08:58:11/01/2018 ‌

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات باوك و كوڕێك گیراون كە هەڵساون بە دزینی سەرە مەنهۆڵ لە شاری هەولێر و زیاتر لە 20 سەرە مەنهۆڵییان دزیوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاو كردووەتەوە، دوای ئەوەی پۆلیس ئاگەدار كرانەوە بە بوونی چەندان ڕووداوی دزینی سەرە مەنهۆڵ لە نێو شاری هەولێر و دەورووبەری پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوە كردەوە و توانی لە ماوەیەكی كەم تۆمەتباران بگرن.

لە بەشێكی هەواڵەكە هاتووە، نقیبی پۆلیس سیڤەر عمر شێرە بەرپرسی نەهێشتنی تاوانی بەحركە دەڵێت، كە وا ئاگەدار كراینەوە بە بوونی چەندان ڕووداوی دزینی سەرەمەنهۆڵ لە نێو شاری هەولێر و دەورووبەری، دۆسیەی لێكۆڵینەوەمان بۆ ئەم ڕووداوە كردەوەو لە ماوەیەكی كەم توانیمان ناسنامەی تۆمەتبار ئاشكرا بكەین و تۆمەتباران  بگرن لە بەحركە.

ئەو ئەفسەرەی بنكەی پۆلیسی بەحركە دەڵێت، تۆمەتباران باوك و كوڕن و تا ئێستە دانیان بەدزینی زیاتر لە 20 سەرمەنهۆڵ ناوە ئێستە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕێكخراو ڕەوانەی بەردەم بەڕێز دادوەر كرد و دادوەر بڕیاریدا بە بەندكردنی تۆمەتباران بە پێی مادەی 443 لە یاسای سزادان.

ماوەیەكە سەرە مەنهۆڵەكانی ڕێگەكانی دەرەوەی هەولێر نەماون و زۆرجار وای كردووە ببێتە هۆكاری زیان گەیاندن بە ئۆتۆمبێلەكان.

  



وشە - رامیار جەواد