بەرپرسێكی یەكگرتوو: دروستكردنی بەرەی چاكسازی موزایەدەی سیاسی و كات كوشتنە

:: PM:09:25:11/01/2018 ‌
 
بەرپرسێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سنووری گەرمیان دروستكردنی بەرەی چاكسازی بەكات كوشتن ناو دەبات و دووپاتی دەكاتەوە كە زۆر لایەن لەسەر شتی بچووك رێك نەكەوتوون ئایا سبەی چۆن لەسەر بابەتە گرنگەكان رێك دەكەون كە ئاراستەیان جیاوازە.
 
والی محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی چواری گەرمیانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، دروستكردنی بەرە و هاوپەیمانی چاكسازی لەم كاتەدا كات كوشتنە، چونكە ئێستە بەرەو كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەچین و ماوەیەكی كەمی ماوە هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێت.
 
زیاتر گوتی، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە نێو حكوومەت و دەسەڵاتدا چاكسازی دەكات، چونكە كۆمەڵێك پڕۆژە و هەنگاوی چاكسازی هەیەو كە دەبێت لە رێگەی حكوومەت و پەرلەمانەوە كاری لەسەر بكرێت، بۆ نموونە وەك پاككردنەوەی لیستی ناوی دەنگدەران، هاوكات رێكخستنی لیستی مووچەخۆران بۆ نەهێشتنی مووچەخۆری بندیوار.
 
محەمەد روونی كردەوە، بەرەی چاكسازی موزایدەی سیاسییە و بۆ كوشتنی كات و بەدەستهێنانی دەنگی جەماوەرە، هاوكات قسەكردن لەسەر هەڵوەشانەوەی حكوومەت كارێكی زۆر قوڕسە و دەكرێ بپرسین ئاخۆ ئەو لایەنە سیاسییانە پێشتر لەسەر شتی بچووك رێك نەكەوتوون، ئەی بۆ داهاتوو چۆن رێك دەكەون؟ كە  هەریەكەیان ئاراستەی سیاسی جیاوازی هەیە.
 
ئەو گوتەبێژە دووپاتی كردوە، وەك ئاماژەم كرد بۆ بەرژەوەندی گشتی نییە كە هاوپەیمانی راگەیەنراوە و بۆ هەڵبژاردنیش لە بەغدا كورد یەك دەنگ و یەك رەنگبێت باشترە، نەوەك بە پەرتبوونەوە بچینە بەغدا.
 
لێدوانی ئەو بەرپرسەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەكاتێكدایە كە هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و لیستەكەی بەرهەم ساڵح، زیاتر لە جارێك هەوڵی ئەوەیان دا یەكگرتوو بۆ نێو هاوپەیمانیەتییەكەیان رابكێشن.
 
گەرمیان / سەبری هۆرینی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل