دیارترین هاوپەیمانیەتییەكانی هەڵبژاردن لە عێراق

:: PM:10:16:11/01/2018 ‌

هەڵبژاردنەكانی عێراق كەمتر لە شەش مانگی ماوە و جموجۆڵێكی گەرم لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان لە عێراق هەیە بۆ لێكنزیكبوونەوە و پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی و لیستی هەڵبژاردن بە مەبەستی راكێشانی زیاترین دەنگی دەنگدەران و بەدەستهێنانی زیاترین كورسی پەرلەمانی و پۆستی زیاتر لە حكوومەتی نوێی عێراق. 

بەپێی بەرپرسانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و پەرلەمانتارانی عێراق تا ئێستە ژمارەیەك هاوپەیمانیەتی نزیكبوونەتەوە لە راگەیاندن، كە لەوانەیە لە سەعات و رۆژانی داهاتوو بێنە راگەیاندن، ئەگەرچی ئەوان مایەی گۆڕانكارین، بەڵام ئەوانەی خوارەوە بەشێكن، كە لەسەر بنەمای زانیاری دزەپێكراو خراونەتە روو، لەو كاتەی بڕیارە كۆمسیۆن تۆماری قەوارە سیاسییەكان تا كۆتای شەمووی داهاتوو درێژ بكاتەوە بۆ پێدانی هەلی زیاتر و چارەسەركردنی كێشە یاساییەكان لە نێوان پارت و بارستەكان كە پێشتر ترازاون و ئێستە دەیانەوێت بەیەك لیست دابەزن.

تا ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم دیارترین هاوپەیمانیەتییەكان بریتین لەوانەی خوارەوە:

*هاوپەیمانی "فەتحولموبین"، كە سەر بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبییە و هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر سەركردایەتی دەكات و لە 19 هێزی چەكداری حەشدی شەعبی پێك دێت لەوانەی دەستیان لە حەشدی شەعبی كێشاوەتەوە، لەپاڵ چەند پارتێكی بچووك لە باشووری عێراق و گرووپێكی چەكداری ئێزدییەكان.

*هاوپەیمانیەتی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات و لە هەشت پارتی سیاسی پێك دێت كە زۆرینەیان نەناسراون، لەوانە پارتێكی نوێ، كە یاسر سەخیلی زاواكەی لە كەربەلا دایمەزراندووە، ئەوەیش لەدوای سەرنەكەوتنی لە هاوپەیمانیەتیكردن و ترازان لە ریزەكان وەك جیابوونەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستە و چەند سەركردەیەكی تری وەك هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر.  

*هاوپەیمانی سەركەوتن (نەسڕ)، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەركردایەتی دەكات و ژمارەیەك كەسایەتی سەربەخۆ و قەوارەی سیاسی دەگرێتە خۆی لەوانە بارستەی عەتا بە سەرۆكایەتی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و بارستەی نەینەوا بەسەرۆكایەتی خالید عوبێدی وەزیری پێشووی بەرگری عێراق و ژمارەیەك بارستە و كەسایەتی باشووری عێراق كە تا ئێستە ئاشكرا نەكراون، هاوكات گفتوگۆ لەگەڵ بارستەی بەدر و كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی بەردەوامە بۆ هاتن بۆناو هاوپەیمانیەتییەكە. 

*هاوپەیمانیەتی هێزە مەدەنییەكان، هەریەك لە حزبی شیوعی عێراق و رەوتی مەدەنی و هێزە لیبرالەكانی تر دەگرێتەوە و ئێستەیش پەرلەمانتار فایەق شێخ عەلی سەركردایەتی هاوپەیمانیەتییەكە دەكات.

*گردبوونەوەی مەدەنی بۆ چاكسازی، هەریەك لە ئەیاد عەلاوی جێگری سەركۆمار و سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشوو و 20 پارت و قەوارەی تری سیاسی. 

هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركووك، كە لە 10 بارستە و پارتی سیاسی عەرەبی پێك دێت و راكان جبووری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركووك سەرۆكایەتی دەكات، ئەویش بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لە ناو بازنەی دەنگدان لە كەركووك و بەربەرەكانی لەگەڵ بارستە كوردی و توركمانییەكان كە ئەوانیش چوونەتە ناو هاوپەیمانیەتییەكەی هاوشێوە كە سروشتیان دیار نییە.

*هاوپەیمانیەتی شۆڕشگێرانی بۆ چاكسازی، سەر بە رەوتی سەدرە و 10 قەوارە و بارستەی سیاسی لەخۆ دەگرێت كە نزیكن لە موقتەدا سەدری سەركردەی رەوتی سەدر كە تا ئێوارەی ئەمڕۆ رانەگەیەندراوە.

*لیستی نیشتیمانی كوردی، كە لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و دیموكراسی و داد بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح بەشداری لە هەڵبژاردنەكان لە كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكانیتر دەكەن.

*هاوپەیمانی كوردستانی، هەمان ئەو هێزە كوردستانیانە لەخۆ دەگرێت كە بەو ناوە بەشداریان لە هەڵبژاردنی 2014ی عێراق كرد.

*هاوپەیمانی رافیدێن، لە پارت و بارستە كریستیان و ئاشووری و كلدانیییەكان پێك هاتووە لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا بەغدا و كەركووك و ناچوەكانی تریش.

لای خۆیەوە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" ئەمڕۆ پێنجشەم ئاماژەی كرد كە لە سەرەتادا حزبی دەعوە حەزی نەدەكرد، كە بە دوو لیستی جیاواز كاندیدانی لە هەڵبژاردنەكان بەشداری بكەن، بەڵام دواتر بیرۆكەكە بووە ئاسایی، لەو كاتەی هەندێك سەرچاوە دووپاتی دەكەنەوە كە بەشداریكردنی حزبی دەعوە بەو شێوە و بە دوو لیست شتێكی ئاساییە و ترازان نییە، بەڵكو تەكتیكێكی هەڵبژاردنە.

لەو كاتەی یاساناسێك ئاشكرای كرد، كە بەشداریكردنی عەبادی بە لیستێكی جیاواز لە مالیكی كە هەردووكیان سەر بە حزبی دەعوەن كێشەیەكی یاسایی بۆ دروست دەكەن، ئەوەیش بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكان. كە نابێت حزبێكی سیاسی لە دوو لیستی هەڵبژاردن بەشداری بكات. هاوكات بەپێی رۆژنامەكە موقتەدا سەدر پێشوازی لە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ عەبادی دەكات ئەگەر بە لیستێكی جیاواز لە مالیكی بەشداری هەڵبژاردن بكات.  






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل