سه‌رۆكى حكوومه‌ت و پاپاى ڤاتیكان كۆبوونه‌وه‌

ئاڵۆزییه‌كانى نێوان حكوومه‌تى به‌غدا و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان واى كرد، دواى چوار ساڵ وه‌فدێكى فه‌رمى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى ڤاتیكان بكاته‌وه‌.

پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ڤاتیکان پەیوەندی نوێ نییە و پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان سێجار چووەتە ڤاتیکان و لەگەڵ پاپا جۆن پاولی دووەم له‌ساڵى (2005)، و پاپا بیندیکتی 16 له‌ ساڵى (2011) و پاپا فرانچیس لە ساڵی (2014) کۆبووەتەوە، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى سەرۆکى حكومه‌تى هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وه‌فدى یاوه‌رى لە ساڵی (2015) لەگەڵ پاپا کۆ بووەتەوە.

كه‌مێك به‌ر له‌ ئێسته‌ شاندێکی فه‌رمى حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کودستان لە ڤاتیکان کۆبوویه‌وه‌ لەگەڵ پاپا فرانچیس، پاپای ڤاتیکان و بڕیارە شاندەکە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڤاتیکانیش کۆببێتەوە.

شاندى فه‌رمى هەرێمی کوردستان، لە ڤاتیکان پێکهاتوون لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى حكومه‌تى هەرێمی کوردستان، و فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، و ڕێزان قادر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا. 

به‌پێى زانیارییه‌كان بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى ناوه‌ند بكرێت، و پاپا له‌ ڕه‌وشى ئاواره‌كانیش ده‌كۆڵێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند بابه‌تێكى تر.

ڤاتیکان بچوکترین دەوڵەتی خاوەن سەروەرییە لە جیھاندا و بارەگای سەرەکی کڵێسای کاتۆلیکه‌ و دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای ڕۆمای پایتەختی ئیتالیاوە، بە تەنھا چەند سەد مەترێک لە ڕووباری تەیبەرەوە دوورە و ڕووبەری ڤاتیکان تەنھا 44 کم2.

ڤاتیکان تا ساڵی 1929 بەشێک بووە لە دەوڵەتی ئیتالیا بەڵام لەو ساڵەدا پاپا و حکومەتی ئیتالیا لە سەر ئەوە ڕێکدەکەون کە ڤاتیکان بکرێتە قەوارەیەکی سەربەخۆ، دەوڵەتی ڤاتیکان لە لایەن پاپای ڤاتیکانەوە بەڕێوە دەبرێت کە لە ھەمان کاتدا ڕابەری رۆحی نزیکەی ملیارێک کاسۆلیکییە لە جیھاندا.

بە گوێرەی سەرژمێریی ساڵی 2004 ژمارەی دانیشتوانی ڤاتیکان 921 کەس بووە و تەنھا دەوڵەتە لە جیھاندا کە منداڵی تێدا نییە، سەرجەم دانیشتوانی ڤاتیکان کارمەندی دەوڵەتن، بەتایبەت پیاوانی ئاینی، بەڵام چەند ھەزار کارمەندێکی دیکەی ھەیە کە لە دەرەوەی سنووری ڤاتیکان نیشتەجێن.

زمانی ڕەسمی ڤاتیکان لاتینیە، کە لە ڕابردوویەکی کۆندا زمانی ڕەسمی دەوڵەتی ئیتالیا بووە، بەڵام ئێستا بووەتە زمانی ڕەسمی ئاینی مەسیحی کاسۆلیکی، ڤاتیکان خاوەنی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤاری تایبەت بە خۆیەتی کە بە زمانی لاتینی و زمانە زیندوەکانی دیکە بڵاویان دەکاتەوە.


وشە - محەمەد میران


PM:12:36:12/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 493 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌