ئەمڕۆ ههینى 12ى كانوونى دووهم، دوای تەواو بوونی نوێژی هەینی لە یەکێک لە مزگەوتەکانی ناحیەی شۆڕشی سەر بە شارۆكهى چەمچەماڵ، دەستڕێژی گوللـە بەناو هاوڵاتیاندا کراوه و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بووه.
عەمید عادل ساڵح بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكهى چەمچەماڵ له لێدوانێكدا به "وشه"ى ڕاگهیاند: "دوای تەواوبوونی نوێژی هەینی لە ناحیەی شۆڕش، بهداخهوه دەستڕێژی گوللـەکراوە بە ناو خەڵکەکەدا، لە ئاکامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش برینداربووە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شاری سلێمانی".
بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ ڕایگهیاند ئهوان ئێسته سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە.
شارۆکەی چەمچەماڵ بە یەکێک لە شارۆکە دێرینەکانی کوردستان و عێراق دەژمێردرێت و نزیکی 10 کم لە گوندی (چەرموو) وە دوورە کە بە یەکەم مەڵبەند دادەنرێت کە مرۆڤ کشتوکاڵی تێدا کردووە، ئەمەش بە ھێزترین بەڵگەیە بۆ دێرینی ئەم شارۆکەیە کە لەو کاتەوە مرۆڤی تێدا نیشتەجێ بووە. ئەگەرچی لە ڕووی مێژووییەوە سەرچاوەی ئەوتۆمان نیە لەسەر ئەم شارۆچکەیە بەڵام بوونی قەڵایەک لە ناوەڕاستی شارەکە ڕاستی و دروستی دێرینی ئەم شارە دەسەلمێنێ بە تایبەتی پاش دۆزینەوەی چەند پارچە ئاسەوارێک کە مێژووهکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیەکان، چەمچەماڵ دەكەوێتە دووری 45 كیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری كەركووك، بەپێی لێدوانی دەزگە تەناهییەكان زۆرترین ڕووداوی كۆمەڵایەتی لەو سنوورە ڕوودەدات.