دوو بەرپرسى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕان لەکاتى راوکردنى ئاژەڵ و باڵندەى کێوى ئاشکرا بوون، بەڵام خۆیان بەدەست پۆلیسەوە نەدا.
سەرچاوەیەکى ئاگەدار لە پۆلیسى ژینگە و دارستانى گەرمیان بە "وشە"ى راگەیاند، ئەمڕۆ شەموو 18ى تشرینی دووهمی 2016 هەریەک لە حامیدى حاجى غالى ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و ئاوات شێخ جەناب ئەندامى جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەى گۆڕان لەکاتى راوکردنى ئاژەڵ و باڵندەى کێوى لە سنوورى ئیدارەى گەرمیان ئاشکرا بوون.
نەریمان محەمەد یەکێک لە کارمەندەکانى پۆلیسى دارستان و ژینگەی گەرمیان زانیارییەکانى بۆ "وشە" پشتڕاست کردەوە و دەڵێ، "ئەو دوو کەسە لە نێوان شارۆکەى کەلار و خانەقین و لە نزیک گوندى مەجید سالار، خەریکى راوکردنى ئاژەڵى کێوى بوون".
زیاتر دەڵێ، "ئەو دوو بەرپرسە تانجی/تاژییان پێ بووە و لەکاتى ئاشکرابوونیاندا خۆیان رادەستى پۆلیس نەکردووە".
پێشتر ئیبراهیم زەریف، بەرپرسی رێکخراوی ژینگەپارێزی کوردستان، بە " وشە"ی راگەیاندبوو تەواوی بەرپرسان بەڵێنیانداوە واز لە راوی ئاژەڵە کێوییەکان بێنن و لەناویشیاندا پاش ئەوەى حامیدى حاجى عەلى بەڵێنى بە رێکخراوەکانى ژینگەپارێزى لە سنوورەکەدا بوو کە چیتر راوى ئاژەڵ و باڵندەى کێوى ناکات.
ساڵى رابردوو رێکخراوە ژینگەپارێزەکانى گەرمیان رەخنەى زۆرییان لە حامیدى حاجى غالى و چەند بەرپرسێکى ترى سنوورەکە گرت بەوەى بەردەوامن لە راوکردنى ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانى سنوورەکە و لە بەرامبەردا داوایان لێکردن بەڵێننامەیەک پڕ بکەنەوە کە چیتر راوى ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان نەکەن.
حاجى غالى هەرئەوکات بۆ "وشە" دووپاتى لەوە کردبووەوە کە چیتر راوى ئاژەڵ و باڵندەى کێوى ناکات.
" وشە" هەوڵی زۆریدا لێدوانى هەردوو بەرپرسەکەى یەکێتى نیشتمانى و بزووتنەوەى گۆڕان وەربگرێت، بەڵام ژمارەکانیان بەردەست نەبوو.
وشە/ گەرمیان - سەبری هۆرینی