ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12ى كانوونى دووه‌م، ده‌بێته ماوه‌ى پێنج ڕۆژ، پێدانى ئاوى خواردنه‌وه له هێڵى یه‌كه‌مى (دوكان - سلێمانى) وه‌ستاوه و نه‌دراوه‌ته هاوڵاتیان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاوى سلێمانیش ده‌ڵێت، به‌هۆى سیانه‌كردنى هێڵه‌كه، ئاوى خواردنه‌وه ڕاگیراوه، هاوڵاتیان بانه‌ترسێن هیچى تر نییه.
ئامانج جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاوى سلێمانى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12ى كانوونى دووه‌م، به "وشه"ى ڕاگه‌یاند: "به‌هۆى ئه‌وه‌ى هێڵى یه‌كه‌مى ئاوى خواردنه‌وه‌ى دوكان سلێمانى چاكسازى(صیانه) ده‌كرا، بۆ ماوه‌ى پێنج ڕۆژ پێدانى ئاو به‌و گه‌ڕه‌كانه‌ى ده‌كه‌ونه سه‌ر ئه‌و هێڵه وه‌ستابوو، تیمه‌كانیانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رده‌وام ئیشیان كردووه له‌و ماوه‌یه‌دا تا ئه‌و هێڵه به‌زووترین كات چاكسازى تێدابكرێت و ئاوى خواردنه‌وه بۆ هاوڵاتیان بگه‌ڕێته‌وه".
زیاتر گوتى: "هێڵى یه‌كه‌مى ئاوى دوكان سلێمانى ناوچه‌كانى ڕاپه‌ڕین و چه‌ندین گه‌ڕه‌كى سلێمانى ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌یانتوانیوه ئاو بده‌نه ئه‌و گه‌ڕه‌كانه، ئێستا ئه‌و هێڵه ئاسایى بووه‌ته‌وه و ئاوى خواردنه‌وه‌ى به‌و گه‌ڕه‌كانه له چه‌ند ڕۆژى داهاتوو ده‌ست پێده‌كاته‌وه و كێشه‌ى نامێنێت".
به‌ختیار سواره، هاوڵاتی دانیشتوى گه‌ڕه‌كى ڕاپه‌ڕین له سلێمانى به "وشه"ى ڕاگه‌یاند: "به‌هۆى ئه‌وه‌ى چاكسازى له هێڵى ئاو خواردنه‌وه‌ى ئه‌وان كراوه، ماوه‌ى پێنج ڕۆژه ئاو مان نه‌بووه و تووشى كێشه‌یه‌كى گه‌وره بووینه‌ته‌وه به‌هۆى كه‌مى ئاو، ساڵانه له سلێمانى ئێمه ئه‌م كێشه‌یه‌مان هه‌یه، چاره‌سه‌ركردنى هێڵى ئاوى خواردنه‌وه‌ى هاوڵاتیان پێویسته به‌زووى بكرێت، چونكه ته‌نها سه‌رچاوه‌ى هاوڵاتیان ئه‌و ئاوه‌یه و پێویستى ڕۆژانه‌یه".
ئاوى خواردنه‌وه‌ى هاوڵاتیانى شارى سلێمانى و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكى ده‌وروبه‌ر و قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى، له‌سه‌ر هێڵى یه‌كه‌م و دووه‌مى دوكان - سلێمانییه له‌گه‌ڵ ئاوى سه‌رچنار، به‌ستراون پێكه‌وه.
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى