نووسینگه‌ی ڕزگاركردن و هێنانه‌وه‌ی هاوڵاتیانى كوردى ئێزدی له پارێزگایی موسڵ ڕایگه‌یاند كه به هاوكاریی خێرخوازان توانیویانه دوو منداڵی دیكه‌ی ئێزدی له شاری مووسڵ ڕزگار بكه‌ن و بگه‌ڕێننه‌وه بۆ خێزانه‌كانیان.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12ى كانوونى دووه‌م، سه‌كینه محه‌مه‌د عه‌لی یونس، سه‌رۆكى لێژنه‌ى ئاواره و ڕزگاركردنى هاوڵاتیانى كوردانى ئێزیدى له دیوانى پارێزگاى موسڵ له ڕاگه‌یاندراوێكدا كه كۆپیه‌كى ده‌ست "وشه" كه‌وتووه ئاشكراى كرد: "'ئه‌و دوو منداڵه چه‌ند خێزانێكی عه‌ره‌ب بردبوویانن و ده‌یانوت منداڵی ئێمه‌ن، دواى پشكنینى DNA سوپاس بۆ خوا توانیمان به خێزانه‌كانیان شاد بكه‌ینه‌وه".
سه‌كینه نه‌یشارده‌وه دۆزینه‌وه‌ى ئه‌م دوو منداڵه قورس بووه له ڕێگای دادگا و پشكنینی DNA ده‌ركه‌وت ئه‌و منداڵانه ئێزدین و خه‌ڵكی شنگالن.
گوتیشی: ''ئه‌و منداڵانه به ناوه‌كانی مریه‌م، خه‌ڵكی تلبه‌نات و دلۆڤان، خه‌ڵكی وه‌رده‌یه‌ی باشووری قه‌زای شنگالن و ڕێكه‌وتی 3ی مانگی ئابی ساڵى 2014 كه‌وتبوونه ژێر ده‌ستی داعش".
به‌پێی داتاكانی نوسینگه‌كه تا ئێسته سێ هه‌زار و 220 رفێنڕاوی ئێزیدی كه له ساڵی 2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانی تیرۆرستانی داعش رفێنڕابوون رزگار كراون، نێزیكه‌ی سێ هه‌زار و 150 كه‌سیش رزگار نه‌كراون و چاره‌نووسیان تا ئێسته نادیاره.