نووسینگەی چاودێری بیانییەكانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، سەپاندنی سزای بەسەر 14 كەس و كۆمپانیای دنیا سەپاند، بەهۆی بوونی پێوەندییان بە پێشێلكارییە مەترسیدارەكان لە بواری مافی مرۆڤ لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتیوانییان بۆ تاران، بە مەبەستی پەرەپێدانی پرۆگرامی چەك و مووشەكی پێشكەوتوو.
وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا "ستیڤن منوتشین" لە ڕاگەیەنراوێكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرای كرد، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستەوەستان نابێ لە بەرانبەر بەردەوامی ڕژێمی ئێران لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و سەركوت و ستەمكردن لە خەڵكی سڤیلی وڵاتەكە.
ئاماژەی دا، ئێمە ڕژێمی ئێران وردتر بە ئامانج دەگرین، لە نێویاندا سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، بەهۆی خراپی مامەڵەكردنی لەگەڵ هاووڵاتییانی ئێران، كە بەشێوەیەكی ئاشتییانە خۆپێشاندان دەكەن، هاوكات خراپی باری ژیانی گیراوەكانیش بەهۆی ڕەزامەندی و بیهەڵوێستی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەكەوەیە، بۆیە دەخرێتە لیستی ڕەش و سزای توندی بەسەردا دەسەپێنرێت.
ئاماژەی دا، ئەمەریكا بەردەوام دەبێ، بە هەموو شێوەیەكیش ڕووبەڕووی پەرەپێدانی مووشەكی بالیستی لەلایەن ئێران و تێكدانی ئارامی ناوچەكە دەبێتەوە، ئامانجییەتی خۆشگوزەرانی و كار و ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكی ئێران بگەڕێتەوە و بوونی هەبێت.
جێی باسە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لە نوێترین سزای بۆ سەر ئێران، سادق لاریجانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران و هاووڵاتییەكی چینی و كۆمپانیایەكی تری چینی و كۆمپانیایەكی ئێرانی و چەند كەسایەتی و كۆمپانیایەكی تری خستە لیستی ڕەشەوە و سزای توندی بەسەردا سەپاندن.