دزینی نەوت لەلایەن هۆزەكانی عێراق بەردەوامە

:: AM:08:36:13/01/2018 ‌
حكوومەتی بەغدا بەهۆی ئەوەی توانای نییە كۆنتڕۆڵی كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكانی ژێر دەستی بكات، لەگەڵ چەكداری هۆزەكانی میسان دەستی بە دانوستاندن و گفتوگۆ كردووە تا دزینی نەوت لەلایەن ئەو هۆزانەوە بوەستێنرێت.

لە مانگی ڕابردووەوە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەكانی حكوومەت و چەكدارانی هۆزەكانی ناوچەكە دەستی پێ كردووە، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی چەكداری هۆزەكان دەستیان بەسەر ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران گرتووە و دەروازەی سنووریشیان خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆیان و مامەڵەی پێوە دەكەن و داهاتەكەیشی لە نێوان خۆیان دابەش دەكەن.

بەرپرسێكی پارێزگای میسان ئاشكرای كرد، ناكۆكی نێوان هۆزەكان لەم دواییە هەڕەشەی گەورەی لەسەر ژیانی ئاسایی میسان دروست كرد، هۆكاری ئەو ناكۆكی و ململانێ و شەڕ و ئاژاوەیش لە ناوچەكە، لە ئەنجامی ئەوەوەیە كە هۆزەكان دەیانەوێ بەردەوام بن لە دزینی نەوت و فرۆشتنەوەی بە ئێران، حكوومەتیش دەیەوێ ڕێگرییان لێ بكات و لەگەڵیان پێك بێت.

زیاتر گوتی، بۆیە بەغدا دەزانێ دەستی گەورەیان لە پشتە و بە كۆكردنەوەی هێز و شەڕ ناتوانێ كۆتایان پێ بێنێ، لەبەرئەوە دەستی بە گفتوگۆ و دانوستاندن كردووە.

ئەفسەرێكی پۆلیسی میسان بە "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، هەر بە تەنیا هۆزەكان ناوێرن نەوت بە ڕۆژی ڕووناك بدزن و بیدەنە ئێران، نەخێر بەرپرسی گەورەی حكوومەت و حزبی گەورەیشیان لە پشتە، بۆیە زۆر بێباكن و گوێ بەهیچ هەنگاو و ڕێوشوێنێكی حكوومەت نادەن، بۆ كۆتاهێنان بە دزینی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی ئەو ناوچەیە.

لەلایەكی ترەوە بەرپرسێك لە كۆمپانیای نەوتی باشوور ڕوونی كردەوە، وەزارەتی نەوت بە وردی ئاگەداری پرۆسەی دزینی نەوتە لەو ناوچانە و داهاتی مانگانەیان دەگاتە 200 ملیۆن دیناری عێراقی، واتە 180 هەزار دۆلاری ئەمەریكی، ئەم پارەیەش لە نێوان هۆزەكان و ئەوانەی لە پشتیانەوەن دابەش دەكرێت.

باز
https://www.alaraby.co.uk/politics/2018/1/11/%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%83%D9%88%D9%85%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82%D9%8A%D8%A9-%D8%AA%D8%AA%D9%81%D8%A7%D9%88%D8%B6-%D9%85%D8%B9-%D8%B9%D8%B4%D8%A7%D8%A6%D8%B1-%D9%84%D9%88%D9%82%D9%81-%D8%AA%D9%87%D8%B1%D9%8A%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%81%D8%B7


وشە - باز ئه‌حمه‌د