نهێنییەكانی گرێبەستە نوێیەكەی میسی ئاشكرا كران

:: AM:09:28:13/01/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە 25ی تشرینی دووەمی 2017 بەفەرمی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بۆ ماوەی 3 ساڵی تر نوێ كردەوە، بەڵام ئەو كات هیچ زانیارییەك لەسەر گرێبەستەكە ئاشكرا نەكرا.

ماڵپەڕی (میدیا پارت)ی فڕەنسی چەند زانیارییەكی لەبارەی گرێبەستە نوێیەكەی میسی لەگەڵ بەرشەلۆنە دەست كەوتووە و بڵاوی كردووەتەوە كە تێیدا دەری دەخات ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە لە مێژووی تۆپی پێدا زۆرترین پارە و مووچەی پێ دەدرێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە تەواوی ئەو پارانەی میسی بۆ ماوەی ساڵێك لە یانەی بەرشەلۆنە وەری دەگرێ برێتییە لە 104 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش لە گرێبەستی هیچ یاریزانێك لە مێژوودا هاوتای نەبووە.

بەگوێرەی گرێبەستەكە بۆ ماوەی 4 ساڵ یانەی بەرشەلۆنە 70 ملیۆن یۆرۆ دەدات بە میسی لەبەرامبەر پەیوەستبوون بە مانەوە لە ریزی یانەكەدا و نەڕۆیشتنی بۆ هیچ یانەیەكی تر تا تەواوبوونی گرێبەستەكەی، وەك پاداشتیش لەبەرامبەر رازیبوونی نوێكردنەوەی گرێبەستەكە 71 ملیۆن یۆرۆی تری پێ دەدرێ، هەروەها 15%ی داهاتی وێنە بڵاوكراوەكانی یانەی بەرشەلۆنەشی پێ دەدرێ.

هەر لە گرێبەستەكەدا ئاماژە بەوە دراوە یانەی بەرشەلۆنە بڕی 1.9 ملیۆن یۆرۆ دەدات بە میسی ئەگەر بەشداری لە 60%ی یارییەكانی یانەكە كرد بۆ ماوەی وەرزێك، جگە لەوەش ئەگەر یانەكە ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بباتەوە 12 ملیۆن یۆرۆی تریشی پێ دەدرێ.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كۆی گشتی ئەو پارانەی میسی تەمەن 30 ساڵ لە ماوەی ساڵێك لە یانەی بەرشەلۆنە وەری دەگرێ برێتی دەبێت لە 104 ملیۆن یۆرۆ كە خۆی لە مووچە و پاداشت و مافی بڵاوكردنەوەی وێنە و بەشداریكردنی لە پاڵەوانیەتییەكان و بەدەستهێنانی ناسناوەكان دەگرێتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م