چەكدارانی حەشدی شەعبی پەتا لە ناوچە سوننییەكان بڵاو دەكەنەوە

:: AM:09:43:13/01/2018 ‌
بەرپرسێكی شارۆكەی بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین ئاشكرای كرد، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تووشی جۆرەها نەخۆشی و پەتا هاتوون، بۆیە ژیان بە تەواوی لە ناوچەكە وەستاوە و كەس ناوێرێ بگەڕێتەوە زێدی خۆی، حەشدی شەعبیش هەڕەشە لە خەڵكی ناوچەكە دەكەن و داوایان لێ دەكەن لە هەڵبژاردن دەنگیان پێ بدەن.

ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆكەی بێجی "مونعیم قەیسی" بە میدیاكانی ڕاگەیاند، شارۆكەكەمان هیچ شیاو نییە بۆ ژیان، ئێستە بڕوایەك لای من و خەڵكیش دروست بووە كە هیچمان بۆ شارۆكەكە نەگەڕێینەوە، چونكە زیاتر 70%ی خانوو و باڵەخانەكانی بێجی ڕووخاون، هیچ خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا بوونی نییە.

زیاتر گوتی، میلیشیاكان بۆ ئەوەی ڕەخنەی ئەوەیان لێ نەگیرێ كە هێزی چەكدارن و بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، لە چەند ناوچەیەك كشاونەتەوە، بەڵام لە شارۆكەكانی وەك جرف سەخر و بێجی و نەخیب و ئیبراهیم بن عەلی تا ئێستەیش ماونەتەوە و ئەوان پەستان لەسەر خەڵكیش دروست دەكەن، تا دەنگیان پێ بدەن و لە هەڵبژاردن تەنیا ئەوان هەڵبژێرن.

ئاماژەی دا، مەترسییەكی تر كە ڕووی لە ناوچەكەمان كردووە، بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییە و بەشێك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تووشی پەتا و نەخۆشی هاتوون و لە ناوچەكە دەوام دەكەن، ئیتر ئەم پەتایەیان لە ناوچەكە بڵاو كردووەتەوە، ئەمەش هێندەی تر خەڵكی ترساندووە و ئەوان نایانەوێ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ژیان بەسەر ببەن.

سەرچاوە/شەفەق نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د