ئایا ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ محەمەد سەڵاح دەكات؟
زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رەتی كردەوە هیچ نییەتێكیان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستای یاریزاناندا هەبێت.
ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی ریال مەدرید خۆی ئامادە كردووە لەم زستانەدا گرێبەستێكی گەورە رابگەیەنێ بۆ ئەوەی بەرهەڵستی یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری بداتەوە كە چەند رۆژێك پێش ئێستا گرێبەستی لەگەڵ فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی ئیمزا كرد.
بەگوێرەی سەرچاوەكە یەكێك لەو یاریزانانەی كە یانەی ریال مەدرید كردوویەتییە ئامانج گرێبەستكردنە لەگەڵ محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی كە ئێستا بە تۆماركردنی 17 گۆڵ لە ریزبەندی دووەمی گۆڵكارانی خولی نایابی ئینگلیزی دێت.
لەمبارەیەوە زێدان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: لەم زستانەدا تا ئێستا پلانمان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ هیچ یاریزانێك دانەناوە.
زیاتر گوتی: تا ئێستا هیچ یاریزانێكم نەبینیوە ئامادەبێت درێسی یانەی شاهانە بپۆشێ، یاخود یانەكانەمان پێویستییەكی زۆری بە تواناكانی هەبێت، لەبەر ئەوە تا كۆتایی وەرز گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێك ناكەین.
زێدان جەختیشی كردەوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا گرێبەستی نوێ بۆ یانەكەیان ئەنجام دەدەن و چەند ئەستێرەیەك دەهێننە ریزی یانەكەیانەوە.
لەبارەی محەمەد سەڵاحیشەوە رایگەیاند: سەڵاح یاریزانێكی نایابە و بە بەردەوام ئاستی بەرز دەبێتەوە، بێگومان چاوەڕێی داهاتوویەكی گەشی لێ دەكرێ، بەڵام نایشارمەوە تا ئێستا هیچ نییەتێكمان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵی نییە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم