پێشبینی دەكرێ نرخی نەوت بگاتە 80 دۆلار
نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا


نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و لە هەفتەی رابردوودا بەرزترین نرخی تۆمار كرد. شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆڕسە كۆتا هات و لەو ماوەیەدا دوو دۆلار و نیوی تر لە نرخی نەوت بەرز بووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا. هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 70 دۆلار و لە سەعاتەكانی كۆتای هەفتە بە 69 دۆلار و 80 سەنت بەسترا.

یەكێك لەو هۆكارانەی لەمساڵدا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، پێوەندی بە دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت لای رووسیا هەیە.

هاوكات ئەوەی كاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە بەردەوامبوونی سیاسەتی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت بووە لای وڵاتانی ئۆپێك كە لە كۆتای 2016ەوە ئەو سیاسەتەیان پێڕەو كردووە. سنجیۆ بال لێكۆڵەری دامەزراوەی ئەدیسۆن پێی وایە ئۆپێك سەركەوتووانە رێككەوتنەكەی جێبەجێ كردووە و لە لایەكی تریشەوە ئاستی داواكاری بۆ سەر نەوت پەرەی سەندووە.

بەگوێرەی eranico خاڵێكی تر وای كردووە نرخی نەوت لە بازاڕەكان گەشە بكات ئەوەیە، لە ئەمەریكا لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێی زاینی ئاستی نەوتی كۆگەكراوی ئەو وڵاتە دابەزیوە و بە گشتی لە ماوەی یەك هەفتەدا پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لەو كۆگەیانە كەمی كردووە و گەیشتووەتە 419 ملیۆن  و 500 هەزار بەرمیل نەوت، ئەمەش لە خوارووی تێكڕای نەوتی كۆگەكراوی ئەمەریكایە لە پێنج ساڵی رابردوودا.

لە لایەكی ترەوە پێشبینی كراوە ناكۆكییەكانی نێوان ئەمەریكا و كۆریای باكور لەوانەیە لەمساڵدا كاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت دابنێن و تووشی ئاڵۆزی بكەن.

بەردەوامبوونی كێشە و ئاڵۆزی لە وڵاتانی عێراق، لیبیا وەك بەرهەمهێنەرانی نەوت و درێژەدانی سزاكانی سەر ئێران كە بە وڵاتێكی تری بەرهەمهێنەری نەوت هەژمار دەكرێت كاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت دروست دەكات و لەوانەیە نرخی نەوت تا ٨٠ دۆلار بەرز بكاتەوە.

دامەزراوەی بانكیی سیتی گرووپ بڵاوی كردەوە ئەگەر سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران درێژەیان هەبێت، ئەوا پێشبینی دەكرێت نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە بڕی پێنج دۆلاری تر بەرز بكاتەوە، چونكە كاریگەریی بۆ ئەوە دەبێت ئێران نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی تر نەتوانێت بە ئاسانی هەناردە بكات.

كاتێك ساڵی 2017 دەستی پێ كرد، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گەیشتبووە ئاستێكی ئەوەندە كەم كە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی خستە بەردەم مەترسییەكی گەورە. ئاخر نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 27 دۆلار دابەزی ئەویش لە جۆری نەوتی برێنت و نەوتی ئۆپێك هەموو كاتێك شەش تا حەوت دۆلار كەمتر لە نەوتی برێنت دەفرۆشرێت.

سەرەتای ساڵی رابردوو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرمیلی نەوتیان بە 20 دۆلار ساغ دەكردەوە كە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بووایە، ئەوا تەنگژەی دارایی زۆر قووڵ دەكردەوە. لە هەرێمی كوردستان نەوت لە خوارووی 18 دۆلار دەفرۆشرا.

بەگوێرەی dailyfx علیرێك لەو كاتەوە تا ئێستە نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت 43 دۆلار بەرز بووەتەوە كە بە رێژە دەكاتە نزیكەی 160%.

یەكێك لە گرنگترین ئەو بڕیارانەی هۆكار بووە لەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا روو لە بەرزبوونەوە بكات و لە ئاستێكی بەرزدا بمێنێتەوە، كۆبوونەوەی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بوو كە لە 30 تشرینی دووەمی ساڵی 2016 بەڕێوە چوو. لە كۆبوونەوەكە رێككەوتی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوتیان تا كۆتای ساڵی 2018 درێژ كردەوە. ئەگەر لە كۆبوونەوەكە كۆتای بە رێككەوتنەكە بهێنرایە، ئەوا دیسان نەوت رووی لە دابەزین دەكردەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی بە جێگیری هێشتوویەتەوە تەنانەت نرخەكەشی بەرز كردووەتەوە.

نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە رووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت و دابەزینی بەرهەمهێنانیش نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە.

بەگوێرەی دوو رێككەوتنی جیاواز كە لە 30 تشرینی دووەم و 10ی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦ ئەنجام دراون، لە سەرەتای ساڵی 2017ی زاینییەوە دەبوو یەك ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی رۆژانەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كەم بكرێتەوە. ئەم وڵاتانە ساڵی رابردوو رێككەوتنەكەیان جێبەجێ كرد و نەیانهێشت نرخی نەوت بە نزمی بمێنێتەوە.

رێككەوتنەكە سەرەتا لە 30 تشرینی دووەم لە نێوان وڵاتانی ئۆپێك واژوو كرا و رووسیاش كە لە دەرەوەی ئۆپێكە، بەڵێنی دابوو بەشداری لە سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بكات، لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی تر لە كۆبوونەوەی 10ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2016 بڕیاری كەمكردنەوەی 562 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتیان دا. رووسیا 300 هەزار بەرمیل، مەكسیك 100 هەزار، ئازەربایجان 35 هەزار و كازاخستانیش 20 هەزار بەرمیل نەوت لە بڕی بەرهەمهێنانی كەم دەكاتەوە.

یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە دوو تا سێ ساڵی رابردوودا، ئەوەیە رێك لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە ئاستی پێداویستی دنیا بە نەوتی خاو بەراورد بە ئاستی خستنەڕوو دابەزی.

تەنیا لە مانگی یەكەمی ساڵی 2014 ئاستی خستنەڕوو لە خوارووی ئاستی داخوازی بوو و لە مانگی شوباتی ئەو ساڵەوە ئاستی خستنەڕوو گەیشتە سەرووی ئاستی داخوازی، بەوەش دوای چەند مانگێك كۆگەكانی دنیا پڕ لە نەوت بوون كە دواجار دابەزینی نرخی نەوتی لێ كەوتەوە و دابەزینی نرخی نەوتیش لە حوزەیرانی ساڵەكەوە دەستی پێ كرد و لە سەرەتای 2016 گەیشتە نزمترین ئاست.

هەرێمی كوردستان كە كەمتر لە نیوەی جاران نەوت هەناردە دەكات پێویستییەكی زۆری بە داهاتی نەوت هەیە و تەنانەت نیوە مووچەكەشی پێ دابەش نەكراوە. وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت گەشبینن بەوەی نرخی نەوت لەمساڵدا ئەوەندە بەرز ببێتەوە كە بە داهاتەكەی بتوانن قەرەبووی ئەو زیانانە بكەنەوە لەسێ ساڵی رابردوودا چێشتوویانە. 






وشە - سلێمان تاشان


AM:10:30:13/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 422 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌