سوپای ئێران هێزێكی تایبەت رەوانەی چین دەكات بۆ ئەوەی ٢٩ سەرنشینی كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێران كە بێسەروشوێنن و كەشتییەكەشیان ئاگری گرتووە رزگار بكات.
شاهین تەقی خانی گوتەبێژی سوپای ئێران ئاشكرای كرد، تیمێكی سەربازییان رەوانە كردووە و لە بەندەرێكی چین چاوەڕوانی هەلیكۆپتەری چین دەكەن هاوكارییان بكات لە دەستپێكردنی ئەم سەرنشینانە.
بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" هاوكات گوتەبێژی هێزی كەنارئاوەكانی ژاپۆن گوتوویەتی چین داواكارییەكەی ئێرانی رەت كردووەتەوە.
هەفتەیەكە كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێران دوای رووداوێك ئاگری گرتووە و سەرەڕای ئەوەی كە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە هەوڵی كۆنترۆڵی ئاگرەكە دەدەن، بەڵام پێیان كۆنترۆڵ نەكراوە و پێشبینیش دەكرێت كۆنترۆڵكردنی ئەو ئاگرە مانگێك بخایەنێت.
لەو ٣٢ كەسەی لەسەر كەشتییەكە بوون ٣١ كەسیان ونن و تەرمی یەكێكیشیان دۆزراوەتەوە. لەوانە دوو كەسیان بەنگلادشین و ئەوانەی تر ئێرانین. پێشبینیشی كراوە سەرنشینەكانی ئەم كەشتییە لە ژوورێكی ژێر كەشتییەكە گەمارۆ درابن و دەرفەتیان نەبووبێت خۆیان رزگار بكەن.
پێشبینی دەكرێت كۆنترۆڵكردنی ئاگری كەشتییەكە مانگێك بخایەنێت، وەزیری كاروباری دەریایی كۆریای باشوور گوتوویەتی خەمی ئەوان ئەوەیە كەشتییەكە نوقمی ئا ببێت و ئەمەش زیانێكی زۆر گەورە بە ژینگە دەگەیەنێت.
دوێنێ هەینی تەقینەوەیەكی تر لەسەر كەشتییەلە رووی داوە. بەگوێرەی rfi سەرووی ١٣ كەشتی لە نزیك ئەو كەشتییەی ئاگری تێبەر بووە چاودێری ئەو رووداوە دەكەن و هەوڵی كۆنترۆڵی ئاگرەكە دەدەن. ئەو كەشتییە لە ئێرانەوە بەرەو كۆریای باشوور بەڕی كەوتبوو و ١٣٦ هەزار تۆن نەوت و سووتەمەنی هەڵگرتبوو، خۆی لە كەشتییەك دەدات و دواتر ئاگركەوتنەوە دروست دەبێت. شوێنی رووداوەكە ٣٠٠ كیلۆمەتر لە كەنارەكانی چین دوورە.