سروشتی سه‌نته‌ری شارۆكه‌ی ئاكرێ وایه كه ناوچه‌یه‌كی شاخاوییه و خانووه‌كان له گرد و شوێنه به‌رزه‌كان دروست كراون، ئه‌مه بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی له وه‌رزی زستان و ساتی بوومه‌له‌رزه و بۆنه ئاینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان، كاتێك كه گه‌شتیار سه‌ردانی ئه‌و به‌رزایییانه ده‌كه‌ن به‌رد له‌و شوێنانه بێنه خواره‌وه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان دروست ببێت.
خدر ئاكره‌یی هاووڵاتییه‌كی شارۆكه‌ی ئاكرێیه به "وشه"ی گوت، كاتێك شارۆكه‌ی ئاكرێ له‌و شوێنه‌ی ئێسته بوو كه شوێنێكی به‌رز و گرده، شارۆكه‌كه ئه‌وه‌نده گه‌وره نه‌بوو و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان نه‌بوو، به‌ڵام ئێسته سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی جاران گه‌وره بووه.
له كاتی به‌فر و باران و بوومه‌له‌رزه و بۆنه ئاینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان به تایبه‌تی جه‌ژنی نه‌وروز و سه‌یران و گه‌شتیارانی وه‌رزی هاوین، هه‌روه‌ها كاتێك منداڵان ده‌چنه سه‌ر قه‌ڵای كۆنی ئاكرێ، به‌رد له ناوچه به‌رزه‌كان ده‌كه‌ونه خوارێ و به ماڵی هاووڵاتییان ده‌كه‌ون، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان دروست بێت و پێشتریش چه‌ندان كه‌س به‌هۆی هاتنه‌خواره‌وه‌ی به‌رد زیانیان پێ گه‌یشتووه. خدر وای گوت.
بڵند ره‌زا زێباری سه‌رۆكی شاره‌وانی ئاكرێ به "وشه"ی راگه‌یاند، مه‌ترسیی هاتنه‌خواره‌وه‌ی به‌رد له سێ گه‌ڕه‌كی سه‌نته‌ری شارۆكه‌ی ئاكرێ هه‌یه و زیاتر له‌و كاتانه دروست ده‌بێت كه گه‌شتیار و گه‌شتیارانی نه‌ورۆز و به‌هار ده‌چنه سه‌ر قه‌ڵای كۆنی ئاكرێ.
هه‌روه‌ها گوتی، سروشتی ئاكرێ ده‌كه‌وێته ناوچه به‌رز و گرده‌كان و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له 200 ساڵ پێش ئێسته، بۆیه پێویستی به دروستكردنی دیواری زیاتری پاڵپشته به تایبه‌تی له به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و گرده‌ی كه قه‌ڵای كۆنی ئاكرێیان لێ دروست كردووه.
كوڵانه‌كانی چوسته و گوره‌ڤا و ئه‌و كوڵانه‌ی كه ده‌كه‌وێته خوار قه‌ڵای كۆنی ئاكرێ، له‌و سێ كوڵانانه‌ن كه مه‌ترسیی هاتنه خواره‌وه‌ی به‌ردیان له‌سه‌ر هه‌یه و زیاتر له دوو هه‌زار ماڵ به‌خۆوه ده‌گرێت.
ئاكرێ، نه‌وزاد هلوری