ئەم یاریزانە بە نەخێر وەڵامی بەرشەلۆنەی دایەوە

:: PM:01:01:13/01/2018 ‌

ئارسەر هەنریكی ئەستێرەی یانەی گریمیۆی بەڕازیلی رەتی كردەوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستای یاریزاناندا پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانییەوە بكات.

ئارسەر لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ئاشكرای كرد: پێش 14 ساڵ لەم یانەیە (گریمیۆ) دەستم بە یاریكردنی تۆپی پێ كرد و بەهیچ شێوەیەكیش ئامادە نیم لە دەرگەی دواوە یانەكە جێبێڵم.

ئاماژەی بەوەشدا كە چەند هەفتەیەك بەر لە ئێستا بەفەرمی وەڵامی یانەی بەرشەلۆنەی دابووەوە و رەتی كردبووەوە پەیوەندییان پێوە بكات.

ئارسەر نەشی شاردەوە كە ئاواتی سەرەكی یاریكردنە لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، بەڵام جەختی كردەوە كە هەرگیز نیازی نییە زەرەر بە یانەی گریمیۆ بگەیەنێ.

یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی رابردوودا گرینگییەكی تایبەتی بە گرێبەستكردن لەگەڵ ئارسەر دابوو، دوای ئەوەی نەیتوانیبوو لیۆن جۆریتسكای ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی شالكەی ئەلمانی رازی بكات و رێگە لە یانەی بایرن میونشن بگرێت گرێبەستی لەگەڵ بكات.

بەگوێرەی زانیارییەكان یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا دووبارە هەوڵ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئارسەر بداتەوە و بەو هیوایەی ئەو كات رازی بێت یانەی گریمیۆ جێبێڵێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م