شەوی ڕابردوو بە بۆمبی دەنگی هێرش كرایە سەر ماڵی وێنەگری ئاژانسی ڕۆیتەرز لە گەڕەكی شۆڕیجەی شاری كەركووك و زیانی مادی بەر ماڵی ئەو وێنەگرە كەوتووە و هێزە تەناهییەكانیش دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.
لە دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر كە لەلایەن گرووپێكی ناپاكی ناو یەكێتی ئەنجام درا و تێیدا خیانەتكاران بوونە كەواسووری بەر لە شكر و كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان بێ تەقە ڕادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد، ئەم كارەشیان لە پێناوی بەرژەوەندی كەسی خۆیان و بۆ دزینی نەوتی كەركووك خاك و خەڵكی كەركووكیان فرۆشت، بۆیە دوای ئەو ناپاكییە مەزنە كەركووك نائارامی زۆری بەخۆیەوە بینیوە دیاردەی دزی و تاڵانی و گرتن و ڕەشبگیری بە چڕی پەرەی سەندووە.
ئاكۆ ڕەشید وێنەگری ئاژانسی ڕۆیتەرز لەبارەی هێرشكردنە سەر ماڵەكەی بە بۆمبی دەنگی گوتی، سەعات 3:10 خولەكی بەیانی ئەمڕۆ شەموو بە بۆمبی دەنگی چەكدارانی نەناس هێرشیان كردە سەر ماڵەكەم و ترس و دڵەڕاوكێ زۆر لە دڵی ماڵ و منداڵەكانم دروست بووە و زیانی مادی بەر خانووەكەم و كەلوپەلەكانی ناوی گەیشتووە.
زیاتر گوتی، ماڵم لە گەڕەكی شۆڕیجەی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری كەركووك و ناوچەی ڕەشیداوای نزیك مزگەوتی مستەفایە و هیچ كێشەم لەگەڵ كەس نەبووە و نازانم كێن ئەوانەی بە بۆمبی دەنگی پەلاماری ماڵەكەیان داوم.
هێرشكردنە سەر ئەو وێنەگرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە كەركووك لە كاتێكدایە ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو دەستەی ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی عێراق هۆشدارینامەیەكی ئاراستەی ئاژانسی ڕۆیتەرز كرد و تێیدا داوای لێ كردبوو، بە شێوازی كاركردنی میدیایی خۆی لە عێراق بچێتەوە و كار لە پێناوی بەرژەوەندی نیشتمانی و سەپاندنی ئاسایش و سەركەوتنە مەزنەكان بكات.