هەمووان بینیوتانە و بیستووتانە پەتاتە ڕەنگی زەردە و هیچ كات بیرتان لەوە كردووەتەوە كە پەتاتەی ڕەنگ سووریش بوونی هەیە؟ بۆچی ڕەنگی ئەو پەتاتەیە سوورە و سوودە تەندروستییەكانی چین؟ ئەو پەتاتەیە زۆر بەسوودتر و چێژبەخش ترە بە بەراورد لەگەڵ پەتاتەی زەردی ئاسایی.
شارەزایان هۆكاری سووربوونی ڕەنگی ئەم جۆرە پەتاتە بۆ زۆری ڕێژەی دژە ئۆكسید لە پێكهاتەی ئەو جۆرە پەتاتە دەگەڕێننەوە، كە سێ هێندەی پەتاتەی ئاسایی دژە ئۆكسیدی تێدایە. بۆیە خواردنی پەتاتەی سوور زۆر گرنگ و پێویستە ڕۆژانە لە ژەمەكانتان بوونی هەبێت.
گرنگترین سوودەكانی بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەكەم: وزەی لەش زیاد دەكات، پەتاتەی سوور سەرچاوەیەكی گرنگی كاربۆهیدریتی ئاڵۆزە، كە جۆرێكی باشە و خانەكان هان دەدات بۆ سووتانی چەوری و دەستكەوتنی وزە.
دووەم: فشاری دەروونی كەم دەكاتەوە، چەندان هۆكار بۆ تووشبوون بە فشاری دەروونی هەن، وەكو نەخۆشیە درێژ خایەن و بۆماوەیییەكان، جیا لەكارتێكەرە دەرەكییەكان، خواردنی پەتاتەی سوور یارمەتی كەمكردنەوەی ئەم جۆرە فشارانە دەدات، بە هۆی بوونی ڤیتامین B بە ڕێژەیەكی باش لە پێكهاتەكەی دا.
سێیەم:پەستانی خوێن كۆنترۆڵ دەكات، پەتاتەی سوور بەهەمانشێوەی مۆز دەوڵەمەندە بە كانزای پۆتاسیۆم، ئەم كانزایەش یارمەتی كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن دەدات، بۆ ئەوەی پەستانی خوێنت ڕێك بێ و لە دۆخێكی ئاسایی بێ، پێویستە بەردەوام پەتاتەی سوور بخۆن.
چوارەم: سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەكات، پەتاتەی سوور سەرچاوەیەكی گرنگی ڤیتامین Cیە، ئەم جۆرە ڤیتامینە گرنگە بۆ بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری لەش. ئەگەر بەرگریت لاوازە و زۆر تووشی هەڵامەت و نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان دەبیت، ئەوا پێویستت بە خواردنی ئەم پەتاتە گرنگە دەبێت.