ئاوارەكانی خورماتوو ئەنجوومەنێكی سیاسی و كارگێڕییان دامەزراند

:: PM:02:55:13/01/2018 ‌
ژمارەیەك كەسایەتی و ڕۆشنبیر و چالاكی مەدەنی شارۆكەی خورماتوو، كە لە دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر ئاوارەی شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆكەی كەلار بوونە، ئەنجوومەنێكیان بۆ ئاوارەكانی خورماتوو و داكۆكیكردن لە مافەكانیان و گەیاندنی دەنگی ئاوارەكان بە دنیا ڕاگەیاند.

بورهان عەدل ئەندامی ئەنجوومەنی داكۆكیكردن لە ئاوارەكان خورماتوو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەوڵ دەدەین بۆشایی سیاسی و كارگێڕیی كورد لە خورماتوو پڕ بكەینەوە و لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بیرۆكەی كارێكی لەوشێوەیە هەبووە و ئەمڕۆیش بە ئەنجام گەیشت و ڕامان گەیاند.

زیات گوتی، خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر وای كرد خەڵكی خورماتوو ئاوارە و دەربەدەر بن و میلیشیاكان تاوان و كارەساتی یەكجار گەورەیان بەسەر خەڵكی كورد لەو ناوچانە هێنا، ئێمەیش لە ڕێی ئەو ئەنجوومەنەوە سەرەڕای هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاوارەكانی خورماتوو، دەمانەوێ دەنگی خەڵكی خورماتوویش بگەیەنین بە دنیا و تاوانەكان بە دیكۆمێنت بكەین تا بە جینۆساید بناسێنرێت.

دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر كە لەلایەن گرووپێكی ناو یەكێتی لە پێناوی دەسكەوتنی پارە و بەرژەوەندی كەسی خاكی كوردستان فرۆشت، بە سەدان هەزار لە خەڵكی كورد لە خانەقین و خورماتوو و كەركووك ئاوارەی ناوچەكانی تری كوردستان بوون، بەگوێرەی دوا ئامارەكان میلیشیاكان كە ڕێككەوتنیان لەگەڵ ناپاكەكان هەبوو، تا ئێستەیش بەردەوامن لە تاڵانی و سووتاندن و ڕووخاندنی خانوو و دووكانی هاووڵاتییانی كورد، زیاتر لە 50 خانوو و دووكانیان سووتاندوون، ئەمانەیش بەرەنجام و لێكەوتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بوون.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د