ئەمەریكا بەم زووانە لە رۆژئاوای كوردستان ناكشێتەوە

:: PM:04:58:13/01/2018 ‌

پێشبینی دەكرێت سێ ساڵی تر لە سووریا جەنگ درێژە بكێشێت و سەركردەیەكی تەڤدەمیش لە رۆژئاوای كوردستان باس لەوە دەكات ئەمەریكا بەم زووانە لە رۆژئاوای كوردستان ناكشێتەوە و ئەگەر بەشار ئەسەد بڕیاری هێرشكردن بۆ سەر كوردستانی هەبێت، ئەوا تووشی شكستێكی گەورە دەبێت.

ئاڵدار خەلیل یەكێك لە رێبەرانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان ئاشكرای كرد هەموو هەوڵەكانی رووسیا بۆ كۆتاهێنان بە جەنگی ناوخۆیی سووریا تووشی شكست بوون و ئەم جەنگەش تا ساڵی ٢٠٢١ كە سەرۆكایەتی بەشار ئەسەد كۆتای پێ دێت درێژەی دەبێت.

هێزەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بە یەكێك لە كاریگەرترین هێزەكانی دژە داعش لە سووریا هەژمار دەكرێن كە توانیویانە گورزی زۆر كاریگەر لە داعش بوەشێنن و تەنانەت كۆنترۆڵی رەقەی پایتەختی داعش بكەن. ئەو شارە دوای رزگاركردنی كار بۆ ئەوە دەكرێت لە چوارچێوەی یاسا و ئەنجوومەنی یاسادانان و نوێنەرانی راستەقینەی خەڵك درێژە بە كاروباری خۆی بدات.

رووسیا كە بە هاوپەیمانی سەرەكی بەشار ئەسەد هەژمار دەكرێت بۆ یەكەم جار داوای لە كورد كردووە لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەبارەی پرسی داهاتووی سووریادا بەشداری بكەن كە بە كۆنگرەی نیشتمانیی سووریا ناسراوە، كۆنگرەكە لە رۆژانی ٢٩ و ٣٠ ئەم مانگە لە شاری سووچی رووسیا كۆ دەبنەوە.

ئاڵدار خەلیل ئەندامی ئەنجوومەنی رێبەریی بزووتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتیكە كە بە تەڤدەم ناسراوە و لە كۆمەڵێك پارتی كوردیی رۆژئاوای كوردستان پێكدێت. ئەوان بە هاوكاری هێزێكی شەڕڤان كۆنترۆڵی بەشێكی گرنگ لە باكوری سووریایان بەدەستەوەیە.

ئاڵدار خەلیل پێی وایە دەبوو رووسیا بۆ كۆنگرەی سووچی ئامادەكاری زیاتری بكردایە. ئەو لەسەر ئەو بۆچوونەیە كە جەنگ لە سووریا تا ساڵی ٢٠٢١ درێژە دەكێشێت، ئەو ساڵەی ماوەی سەرۆكایەتی بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری رووسیا كۆتای پێ دێت و زۆر لەو كۆنفرانس و كۆنگرانەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رێكیان دەخات تووشی شكستی یەك لە دوای یەك دەبن.

لە بەشێكی تری قسەكانی ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، "تا ساڵی ٢٠٢١ هیچ گۆڕانكارییەكی نوێ لە سووریا نایەتە كایەوە  و لەوانەیە جەنگ ٢٥ ساڵی تریش درێژە بكێشێت. لەوانەیە دەسەڵاتی داعش لە هەندێك شوێن پەرە بستێنێت و توركیاش هەندێك ئاڵۆزی و كێشە لە ناوچەكە بهێنێتە كایەوە."

دەسەڵاتی كورد لە رۆژئاوای كوردستان كە لە دراوسێیەتی توركیادایە لە روانگەی حكوومەتی توركیا بە هەڕەشە و مەترسییەكی گەورە هەژمار دەكرێت. حكوومەتی توركیا خۆی سەرووی سێ دەیەیە لە دژی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە وڵاتەكەی دەجەنگێت. ئەمەریكا لە سووریا پشتیوانی لە كورد كردووە و ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری خستووەتە سەر پێوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا. توركیا چەندان جار داوای لە ئەمەریكا كردووە واز لە كورد بهێنێت و چیتر پشتیوانیان لی نەكات، بەڵام ئەمەریكا گوێی بە داواكارییەكانی توركیا نەداوە و لە پشتیوانیكردنی كورد بەردەوامە و بڕێكی زۆری چەكی پێشكەوتووی بە شەڕڤانان داوە و چەندان بنكەی گەورەی سەربازیشی لە رۆژئاوای كوردستان كردووەتەوە.

توركیا چەند رۆژ لەمەوبەر دووبارە بانگهێشتی باڵوێزی ئەمەریكا لە توركیای كرد و لەبارەی پشتیوانییەكانی ئەو وڵاتە لە كورد، لێپێچینەوەی لەگەڵدا كرد.

ئاڵدار خەلیل بە داڕێژەری  پڕۆژەی فیدراڵی لە باكوری سووریا هەژمار دەكرێت و سەرەڕای ئەوەی كە پڕۆژەكە لە لایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل پشتیوانی دەكرێت، بەڵام لە لایەن ئەمەریكاوە دژایەتی دەكرێت كە بە پشتیوانی ئەو هێزانەش هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی "رادیۆ زەمانێ" ئێستە دوای شكستی داعش هێزە نێودەوڵەتییە ركابەرەكان داوا لە یەكتر دەكەن ئیتر هێزەكانمان لە سووریا بكشێننەوە، بەڵام بە گوتەی ئەو بەرپرسە كوردە ئەمەریكا خۆی كۆمەڵێك ئامانجی لە رەقە هەیە و بەدیهاتنی ئەو ئامانجانەش لانی كەم دوو ساڵی پێویستە و پێشبینیشی كرد ئەمەریكا بەم زووانە پاشەكشە بە هێزەكانی نەكات و هیچ پاساوێكی نییە لەوەی پەلە لە پاشەكشە بكات.

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو لە رۆژئاوای كوردستان دوو هەڵبژاردن بەڕێوە چوو و ئێستە كار بۆ ئەوە دەكرێت پەرلەمانی ناوچەییش لە رێی هەڵبژاردنەوە بێت، بۆیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دواخراوە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی تازە لە ژێر دەستی داعش رزگار كراون دەرفەتی زیاتریان هەبێت بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكەن و داهاتووی خۆیان دەستنیشان بكەن.

لە كاتێكدا بەشار ئەسەد ئەو كوردانەی بە خیانەتكار هەژمار كردووە كە لە لایەن ئەمەریكاوە پشتیوانی دەكرێن، ئاڵدار خەلیل پێی وایە بەشار ئەسەد هەرگیز توانای ئەوەی نییە هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانەی ئەوان رزگاریان كردووە و ئەگەر ئەسەد بیر لە هێرشێكی لەم شێوەیەش بكاتەوە، ئەوا بە تەواوی هێزەكانیەوە لەناو دەچێت.

ئەو شانە نوستووەكانی داعش بە هەڕەشەیەكی گەورە هەژمار دەكات و دەڵێت هێشتا قۆناغە سەختەكە دەستی پێ نەكردووە.




وشە - سلێمان تاشان