كۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆتایی هات

:: PM:05:08:13/01/2018 ‌

كەمێك پێش ئێستە كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆتایی هات و بڕیارە شاندەكە بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و ڕۆژی دووشەمی داهاتوویش كۆبوونەوەی تر لە نێوانیاندا ئەنجام بدرێت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەموو شاندێكی كوردستان بە سەرۆكایەتی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتنە بەغدا و جیا لە كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق، بڕیارە لەگەل چەند بەرپرسێكی تری حكوومەتی عێراقیش كۆ ببنەوە.

سەرچاوەیەك لە بەغداوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، شاندەكەی كوردستان بە سەرپەرشتی كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی و پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانە و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتیش بەشدارن لە شاندەكە و ئامانجی چوونی ئەو شاندە بۆ ئەوەیە گفتوگۆ لەسەر دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان و بەڕێوەبردنیان بكەن، تا لە چوارچێوەی دەستوور و بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێن.

شاندەكەی كوردستان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق و مەهدی عەلاق ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دیدار ساز دەكەن و بە چڕی گفتوگۆ لەسەر پرسی كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان دەكەن.

جێی باسە حكوومەتی عێراق هەرچەندە داوای جێبەجێكردنی دەستوور و یاسا دەكات، بەڵام سەرەڕای ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستە ئامادە نییە دەست بە دانوستاندن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات و كۆی كێشە و پرسەكان لەژێر ڕۆشنایی دەستوور چارەسەر بكات. 



وشە - رامیار جەواد