عەبادی لەنێوان دوو بژارەدایە یەكێكیان پاشەكشەیە


لە دوای راگەیاندنی هاوپەیمانیەتییەكان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق دۆخێكی گوماناوی دروست بووە و هەلی دەركەوتنی بارستەیەكی تایفەبڕ، كە پێشتر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بانگەشەی بۆ دەكرد بەتەواوەتی نەما، ئێستە ئەو ناچارە لەناو لیستی دەوڵەتی یاسا خۆی كاندید بكات.

سیاسەتوانەكان لە بارستەی ئەیاد عەلاوی جێگری سەركۆماری عێراق وای دەبینن، كە هاوپەیمانیەتییەكەی عەلاوی لەگەڵ سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان و ساڵح موتڵەگی جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایان گەیاندووە، فرەترینە لەسەر ئاستی تایفی و ئەتنییەوە، ئەگەرچی چاودێران لەسەر سوننە حیسابی دەكەن.

دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەم بڵاو كرایەوە، كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بارستەیەكی فرەوان بەناوی "نەسڕ" رادەگەیەنێت و ژمارەیەك هێزی سیاسی و بارستەی جیاجیا لەخۆ دەگرێت، لەوانە شیعە و كورد و سوننە. بەڵام لەگەڵ كۆتاهاتنی وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانیەتییەكان لە ئێوارەی پێنجشەم، عەبادی نەیتوانی بارستەكەی رابگەیەنێت و بەو شێوەیەیش بەفەرمی وەك ئەندامێكی دەوڵەتی یاسا دەمێنێتەوە كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات.

لە سایەی بێدەنگی عەبادی و كەسانی نزیك لەوەوە لەبارەی وتوێژەكانی هەفتەی رابردوو لەو بارەوە روویان داوە، پێشبینی دەكرێت، كە دووبارە دەرگەی دروستكردنی هاوپەیمانیەتی بكرێتەوە یان پەرلەمان یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دەربكات، كە رێگە بەعەبادی بدرێت بۆ خۆكاندیدكردن لە بارستەیەكی نوێ یان راگەیاندنی پاشەكشەی لە حزبی دەعوە و خۆكاندیدكردن لە پارتی سەركەوتن و بنیاتنان، كە كەسێكی نزیكی دروستی كردووە، بەڵام ئەو سیناریۆیانە هەموویان سەختن.

جیا لە ئاڵۆزی پێوەندی نێوان عەبادی و مالیكی، سەختی كۆكردنەوەیان لە یەك لیستی هەڵبژاردن بۆ ئەوەیش دەگەڕێتەوە، كە عەبادی بەڵێنی پێكهێنانی بارستەیەكی تایفەبڕی داوە، هەروەها بژارەی دەوڵەتی یاسا رەنگە هەلی بەدەستهێنانی دەنگی سەربەخۆكان و تایفە جیاوازەكانی لەدەست بدات. 

لەلایەكی تر لە رۆژانی رابردوو ئەگەری نزیكبوونەوەی عەبادی و هێندێك هێزی حەشدی شەعبی و پارتە سوننەكان هەبوو و سەرەڕای بوونی پێوەندییەكی ناجێگیر لە نێوان عەبادی و هێزەكانی حەشدی شەعبی و بوونی چەندان تێبینی لەلایەن هێزە سوننەكانەوە.

بەپێی چاودێران سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی عێراق لەژێر پاڵەپەستی كەمی ماوەوە چوونەتە ناو هاوپەیمانیەتی، كە رەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەگەری هەڵوەشانەوەیان بەر لە هەڵبژاردنەكان، تا ئێستە هەڵوێستی ئێران و ئەمەریكا لەبارەی نەخشەی هاوپەیمانیەتییەكان روون نییە.

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:06:20:13/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 1057 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌