بەڕێوبەری دجیتاڵ میدیایی NRT، رای گەیاند، چونكە دەستم لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ كشاندووەتەوە و باسی خیانەتی شاسوار عەبدلواحیدم كرد بەرانبەر خۆم و هاوڕیكانم، بە فەرمانی ئەو لە كارەكەم دوور خرامەوە.
سوهەیب شیخ ئەحمەد كاكە مەحموود، بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای كەناڵی ئێن ئاڕتی ئەمڕۆ شەموو 13ـی كانوونی دووەم چەند نهێنییەكی ناو كەناڵەكە بۆ "وشە" ئاشكرا دەكات، كە ئەو كاتەی مۆڵەت بووە، نووسراوێكییان بەناوی ئەو نووسیوە، ئەم كارەیش دوور لە بنەمای ئەخلاق دەزانێت.
بەڕێوەبەری دجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی دەڵێت، ئەم كارەیش دوورە لە هەموو بنەمایەكی ئەخلاقییەوە و سەلمێنەری ئەوەیشە، كە ئێستە كەناڵی ئێن ئاڕ تی میدیای فەرمی نەوەی نوێ و زمانحاڵی شاسوار عەبدولواحیدە، چونكە بە هیچ شێوەیەك ئاگەداری دەستلەكاركێشانەوەی خۆم نیم و بەناوی منەوە نووسراوە و واژوو كراوە. لە كاتێكدا من بە فەرمی مۆڵەتی نەخۆشیم تا دووشەمی داهاتوو هەبووە، ئەوەیش نیشانەی ئەوەیە بێلایەنی و هاوسەنگی و ڕاستگۆیی تێدا نەماوە و هەموو ئەو دروشمانە ئێستە دوورن لە ڕاستییەوە.
سوهەیب ئاشكرای دەكات لەم یەك دوو ڕۆژەدا هەموو ئەوەتان بۆ ڕوون دەكەمەوە، كە ئێستە كەناڵی ئێن ئاڕ تی زمانحاڵ و میدیای فەڕمی نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید ڕوو دەدات و جگە لەوەیش هەڵوێستی گرنگ و توندترم دەبێت.
لە ماوەی ڕابردوویش چەندان هەوڵی شاسوار عەبدولواحید ئاشكرا بوو، كە پارەی خاوەن پشكەكانی چاڤی لاندی نەداوە و بڕی 450 ملیۆن دیناری كارەبای سلێمانی قەرزارە.
وشە/ كاروان باعەدرێ