ناوەندی بڕیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان راگهیهنراوێكی لهبارهی بارودۆخی ناوخۆیی ههرێمی كوردستان لهپێوهندی لهگهڵ حكوومهتی عێراق و ههڵومهرجی ناوچهكه بڵاوكردهوه و چهند خاڵ و داواكارییهكی ئاراستهی رای گشتی كردووه و لهناویاندا داوا دهكات هاوڵاتیان و خۆپیشاندهران هۆشیاربن و لهلایهن هێزه سیاسییهكانهوه داخوازییهكانیان نهقۆزرێتهوه.
دهقی بەیاننامەی ناوەندی بڕیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان
هاووڵاتیانی خۆشەویست...
هەموو ئەزانن کە جەماوەری گەلەکەمان و هەرێمی کوردستان لە هەلومەرجێکی ناسک و سەخت و دژواردایە. خەڵکی لە ناخۆشترین باری ژیان و گوزەراندا بەبێ مووچە بە بارێکی ئابووری و سیاسی پڕ لە تەم و مژدا تێپەڕ ئەکات. مەترسییەکانی سەر کۆمەڵ و هەرێمەکەشمان تا دێت بە ئاقارێکی خراپدا ئەڕوات بەجۆرێ:
1- حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە بەشداری و بەرپرسیاری هەموو حزبەکانی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت لە جێبەجێکردنی نەخشەیەکی دروست بۆ چارەسەرکردنی باری ئابووری و ژیان و گوزەرانی جەماوەر.
2- حزب و لایەنەکانی باشووری کوردستان نەیانتوانیوە سەرکەوتووبن لە قبوڵکردنی یەکتری و چارەسەری گرێ و گوڵەکان و رێکخستنی ناوماڵی کوردی دا.
3- شەڕێکی ترسناک، لە هێزێکی رەشی داعشەوە، ماوەیەکی زۆرە هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەر گەلەکەمان و هەرێمی کوردستان پێکهێناوە و هێزی پێشمەرگەی خستۆتە سەنگەرێکی خوێن لەبەر رۆیشتنی بەردەوام کە لەلایەک ئەو هێزە قارەمانەی پێشمەرگە توانیویەتی سەروەری گەورە لەبەگژداچوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆرستان لەسەر ئاستی جیهان بۆ گەلەکەمان بەدەست بهێنێ، لەلایەکی تریشەوە سەدان رۆڵەی گەلەکەمان ببنە قوربانییەکەی و هێندەی تریش باری ئابووری سەختتر و خراپتر بکات.
4- حکومەتی بەغداش، هێشتا هەر بە چاوی هەویەو نادۆستانە تەماشای هەرێمی کوردستان و مافی گەلەکەمان لە سنوورەکانیدا ئەکات و نەک هەر رازی نابێت ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان بۆ هەرێم بگێڕێتەوە، بەڵکە بە شێوەیەکی عادیلانەش کێشەکانی لەگەڵ حکومەت و گەلەکەمان چارەسەر ناکات و بە بڕینی مووچەو بەشە بودجەی خۆی سزای گەلەکەمان ئەدات.
5- نەتەوەکەمان لە پارچەکانی تری کوردستان و تێکۆشەرەکانی کەوتوونەتە بەر شاڵاوی پەلاماردان و گرتن و کوشتن و تیرۆرکردنی گیانی دیموکراسی.
6- وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت و ئیدارە و حوکمڕانی ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و کەرکووکیش نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت لە چارەسەرکردنی باری ئابووری و دابینکردنی لایەنی کەمی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ناوچەکانی دا.
لەبەر رۆشنایی راستییەکانی ئەو واقیعەی کوردستاندا، ئێمە بە هەموو توانا خەبات ئەکەین بۆ چارەسەرکردنی هەموو گرفتەکانی ئەو هەلومەرجە و لەسەرو هەمووشیانەوە دابینکردنی مووچە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی و چارەسەرکردنی باری ئابووری. هەموو داخوازییەکانی جەماوەری گەلەکەشمان بۆ مافە رەواکانی خۆیان لە دابینکردنی ژیان و گوزەراندا بەڕەوا و ئەرکی حکومەتی هەرێم و حزبە سیاسییە ناتەباکان دەزانین و بە هەموو توانا لەتەک داواکانی جەماوەردا ئەوەستین.
بەڵام لەگەڵ ئەو راستیانەدا داوا لە جەماوەری هوشیاری گەل و رێکخراوە ناحکومییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین کە بەرپرسانە لە خۆپێشاندان و مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزاییدا خۆ لە توندوتیژی بەدوور بگرن و بوار نەدەن دەستی تێکدەری ئەم لاولا ناڕەزاییەکانی جەماوەر بۆ مەرامەکانی خۆیان بقۆزنەوە و بەلاڕێ و ئاقاری خراپدا بەرن و بەوپەڕی هوشیارییەوە رێگەی و شێوازی دەربڕینی نارەزایی لە چوارچێوەیەکی شارستانی و مەدەنیدا ئاراستە بکەن.
هاووڵاتیانی بەڕێز...
با پێکەوە لەگەڵ (ناوەندی بڕیار)ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە خەباتی سیاسی هێمن و شارستانی دەست لەناو دەست بە هەموو توانا هەوڵ بدەین:
1- گۆڕانکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەدی بهێنین و لەسەر رێبازی ریفۆرم و چارەسەری سیاسی و ئابووری حکومەتی هەرێم بە حکومەتێکی بەتواناتر بگۆڕین.
2- داهاتی کوردستان لە هەموو سەرچاوەکانی داهات بە نەوت و غازەوە بەشێوەیەکی مەرکەزی هۆشیارانەو دوور لە دزەکردنی بەشێکی بەملاو لادا لەلایەن ئەو حکومەتە نوێیەوە کۆبکرێتەوەو عادیلانە بۆ ژیان و گوزەران و پێشکەوتنی ووڵاتەکەمان بەشێوەیەکی شەفاف خەرج بکرێت.
3- دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە فیدرالی و هەنگاوەکانیدا بپارێزین، و بوار بەو ئاراستانە نەدەین کە هەرێمی کوردستان و فیدرالی کەرت و پەرت بکات، پارچە پارچە و پارێزگا بە پارێزگا بە بەغدایەوە ببەستێتەوە.
4- گوشار بەرینە سەر لایەنە سیاسییەکانی، تا بەرز ببنەوە بۆ ئاستی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و هەموو لایەنەکان لەیەکتر بچنە پێشەوەو بەرژەوەندیەی باڵای کورد و کوردستان و ئایندەی نەگۆڕنەوە بە شتی بچکۆڵەو بیانووی نابەجێ و پێکەوە ناوماڵی کورد رێکخەن و کۆمەڵ و نیشتمانەکەمان بخەنەسەر شاڕێی بۆ پێشەوەچوون و گەشەکردن.
هەق وایە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ژیانی خەڵکی و باری ئابووری و خواستەکانی کورد و کوردستانی لە ئایندەیەکی رووناکتردا، رەنج و خوێنی شەهیدانی هێزی پێشمەرگە لە پاراستنی گەل و ووڵاتدا گەورە بگرن. لەبەر ئەوانە هەموو سەری رێز دانەواندنی و قبوڵکردنی یەکتر بخەنە جێگەی سووکایەتی کردن بە یەکتر و بە پیرۆزییەکانی گەلەکەمان.
ناوەندی بڕیاری
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
18/11/2016