كۆنتی داوای گرێبەستی سانچێز دەكات

:: AM:09:43:14/01/2018 ‌

ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری ئیتاڵی داوای لە بەرپرسانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی كرد هەوڵ بدەن گرێبەست لەگەڵ ئەلێكسیس سانچێزی هێرشبەری چیلی و یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی بدەن.

كۆنتی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن رایگەیاند: پێموایە سانچێز یاریزانێكی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و بەهێزكردنی تیپی یانەی چێڵسی.

زیاتر گوتی: ئێمە باس لە یاریزانێكی ئاستبەرزی وەك سانچێز دەكەین، دەتوانین بە پارەیەكی كەم گرێبەستی لەگەڵ بكەین كە تەنیا 20 ملیۆن پاوەنە، پێموایە نرخی راستەقینەی خۆی لەنێوان 80 بۆ 90 ملیۆن پاوەن دەبێت، ئەمە بۆچوونی خۆمە.

راهێنەری یانەی چێڵسی ئاشكراشی كرد كاتێك راهێنەری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بووە هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ ئەو هێرشبەرەی پێشووی یانەی ئۆدێنێزی داوە، بەڵام ئەو كات یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هەڵبژارد.

جەختیشی كردەوە كە سانچێز باش دەزانێ ئەو چەندە بە ئاستی یاریكردنی سەرسامە و هەموو هەوڵێكیش دەدات بۆ ئەوەی لەم زستانەدا بیهێنێتە ریزی یانەی چێڵسییەوە.

رۆژنامە ئینگلیزییەكان چەند رۆژێك پێش ئێستا ئاشكرایان كردبوو كە جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد توانیویەتی ئارسین ڤینگەری راهێنەری یانەی ئارسناڵ رازی بكات بە گۆڕینەوەی سانچێز بە موختاریان لەگەڵ پێدانی 20 ملیۆن یۆرۆ.

جێی باسە سانچێز كە كۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ئارسناڵ بەكۆتا دێت، لەم وەرزەدا تا ئێستا بەشداری لە 22 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا كردووە و تێیدا 8 گۆڵی تۆمار كردووە و 4 گۆڵی تریشی بۆ هاوڕێكانی لە یانەی ئارسناڵ دروست كردووە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م