دوای شكستی لە عێراق و سووریا، داعش لە ئەفغانستان شانە نوستووەكانی بە چینی مامناوەند بە هێز دەكات و لە گوندەكانەوە بەرەو شارەكان دەكشێن، ئێستە كابولی پایتەخت بە مەترسیدارترین ناوچە لە ئەفغانستان دادەنرێت و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ هەمیشە ئامادەیی هەیە.
دوای سەرهەڵدانی لە سووریا و پاشان پەڕینەوەی بۆ عێراق، داعش هەوڵی دروستكردنی شانەی نوستووی دا لەو وڵات و كۆمەڵگە ئیسلامییانەی گەشەكردنی هزری توندڕۆیی تێیدا گونجاوە و ژینگەكەی لەبارە. جگە لە لیبیا و میسر، لە ئەفغانستان و رۆژهەڵاتی ئاسیاش داعش شانەی نوستووی پێكهێنا.
شكستی داعش لە عێراق و پاشان لە سووریا زۆر لە هاوكێشەكانی گۆڕی، بەڵام مانەوەی شانەی نوستوو بە تایبەت لە عێراق ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی هەمیشە بە كراوەیی هێشتووەتەوە، جگە لەمە جموجۆڵەكانی داعش لە لیبیا و شاری سینای میسر ئاماژەی روونن كە داعش كۆتای نەهاتووە.
لە ماوەی رابردوودا رووسیا هۆشداری لە بارەی بوونی 20 هەزار چەكداری داعشی لە ئەفغانستان راگەیاند و ئامادەی وڵاتەكەشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی ئەمەریكا لە رووبەڕووبوونەوەیان. لە 18 مانگی رابردوو، داعش لە ئەفغانستان زیاتر لە 20 كردەی تیرۆریستی ئەنجام داوە.
بوونی داعش لە ئەفغانستان هاوكاتە لەگەڵ بوونێكی بەهێزی بزووتنەوەی تاڵیبان لەو وڵاتە، ئەمەش وایكردووە هاووڵاتییانی سڤیل نیگەران بن، دامەزراوە تەناهییەكانیش و هاوپەیمانیان لەوانە ئەمەریكا رووبەڕووی ئاستەنگی قورس ببنەوە بۆ پاراستنی رەوشی تەناهی.
مایكڵ كوگلمان لە سەنتەری توێژینەوەی ویلسون لە واشنتن دەڵێ، ئەوە راست نییە كە داعش كۆمەڵێ چەكدارن لە گوندەكانی ئەفغانستان، بەڵكو ئەوان بە رۆژی رووناك هێرشی تیرۆریستی زۆر مەترسیدار لە ناوەڕاستی كابولی پایتەخت دژ بە ئامانجە دەستنیشان كراوەكانیان ئەنجام دەدەن، ئەمەش جێی نیگەرانییە.
سەرەتای دەركەوتنی داعش لە ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی- خۆراسان، كە ئەوكات ئەوانەی چووبوونە ریزی داعش، ئەو چەكدارانە بوون پێشتر لە ریزی تاڵیبان یان گرووپی تری جیهادی پاكستانی، ئەفغانی و ئاسیای ناوەڕاست بوونە.
چاودێران پێیان وایە گەشەكردنی داعش لە ئەفغانستان پێویستی بەوە نییە خەڵكی لە دەرەوە بۆ بهێنی، چونكە ژینگەی وڵاتەكە خۆی وایە و ساڵانێكی زۆرە بووەتە مۆڵگەی ئیسلامی سیاسی توندڕۆ و لە هەموو ئەفغانستان ئەوانە بڵاو بوونەتەوە بە تایبەتی گەنجانی شارەكان.
بورهان عوسمان چاودێر لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی دەڵێ، پرسەكە لێرەدا ئەوەیە ئێمە قسە لەسەر نەوەیەك دەكەین كە هەست و سۆزی لە دەستداوە و ئاخنكراوە بە هەموو جۆرێكی توندوتیژی و توندڕۆیی، بۆیە نابێت شۆك بین كاتێك كۆمەڵێك گەنج دەبینین سەركردایەتی نەوەی نوێی جیهاد و توندڕۆیی دەكەن.
ئەو گەنجانە لەناو شارەكانی ئەفغانستان دەژین و ناسراون و لە قوتابخانەكانیش دەخوێنن، بە شەوانیش گرد دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر شەڕی پیرۆزی داهاتوویان دەكەن، پیلان بۆ هێرشەكانیان لەناو شارەكان دادەڕێژن، ئەوان باش دەزانن چۆن رێوشوێنە تەناهییەكان ئاشكرا بكەن و دزە بكەنە ناو هێزەكانی پاراستنی تەناهی.
جگە لەمە، داعش ئەفغانستانی كردووە بە بنكە و بارەگایەك بۆ چەكدارە هەڵاتووەكانی لە عێراق و سووریا، وەك سەرچاوەیەكی تەناهی ئەفغانستانی دەڵێ، دەیان خانەی نوستووی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە ناو شارەكاندا هەن و زۆر چالاكانە كارەكانیان ئەنجام دەدەن.
بەڵام عوسمان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات زۆر ئەستەمە بتوانی بە دروستی ژمارەی چەكدارانی داعش لە ناو كابولی پایتەخت دەستنیشان بكەی، بەڵام ئەوەی روونە كە ژمارەیان بە بەردەوام لە زیادبووندایە و داعش ئەوانی بەسەر مزگەوتەكان و قوتابخانەكان و زانكۆكاندا دابەش كردووە وەك تۆڕی كۆمەڵایەتی گرووپ گرووپن.
سەرچاوەیەكی تری تەناهی ئاشكرای دەكات، تەوژمی نوێی توندڕۆیی كە ئێستە نزیكە لە ئەفغانستان سەر هەڵبدات، بزوێنەری تەوژمەكە كەسانی جووتیاری نەخوێندەوار نین، بەڵكو كەسانێكن لە ئاستێكی باڵای زانستین، ئەمەیە مەترسییە گەورەكە.
ئەگەرچی هێشتا بزووتنەوەی تاڵیبان بە هەڕەشەی سەرەكی دادەنرێت بۆ سەر دەسەڵاتی ئەفغانستانی، بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوو پرسی سەرهەڵدانی داعش بووەتە بابەتی سەرەكی لە میدیاكانی ئەفغاستان، بەتایبەت دوای ئەنجامدانی كردە تیرۆریستییەكان كە بەهۆیەوە سەدان كەس كوژران و سەدانی تریش بریندار بوون.
بەشی زۆری كردە تیرۆریستییەكان لەو شوێنانە ئەنجامدراون كە نزیك بوونە لە باڵوێزخانەی وڵاتان و ئۆفیسی رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتاووەكان و ناتۆ.
لە مانگی پێنجی رابردوو ئەمەریكا بە بەهێزترین بۆمبی خۆی كە بە دایكی بۆمبەكان ناسراوە، تۆڕێكی نهێنی ژێرزەوینی لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانی كردە ئامانج، بەهۆیەوە نزیكەی 90 چەكداری داعش كوژران، دوای ئەوەش ئۆپراسیۆنێكی ئاسمانی توند كرایە سەر مۆڵگەكانی داعش و مووشەكباران كران.
چاودێران دەڵێن ئەو ستراتیجە سەركەوتوو نابێت، بە پێچەوانەوە ئەمە وای كرد زۆر لە چەكدارانی داعش روو بكەنە شارەكان بە تایبەت كابول.
ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت سەدان چەكداری هەڵاتووی داعش لە عێراق و سووریا بچن بۆ ئەفغانستان، بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستەیە داعشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازن لە داعشی ئەفغانستان و هێشتا جۆری پێوەندییەكانیان روون نییە.
ئەگەرچی حكوومەتی ئەفغانستان رەتی دەكاتەوە داعشی بیانی هاتبێتە وڵاتەكەی، بەڵام چاودێران دووپاتی دەكەنەوە كە داعشی فڕەنسی و جەزائیری لە باكوری ئەفغانستان بینراون و بەشێكیان لە سووریاوە هاتوون.