ریال مەدرید رووی بەرەو ئەم گۆڵپارێزە وەرگێڕاوە

:: AM:10:05:14/01/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تا ئێستاش لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ گۆڵپارێزێكی نوێ دوای دابەزینی ئاستی هەردوو گۆڵپارێزەكەی كیكۆ كاسیا و كایلۆر ناڤاسەوە.

ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە: یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە هەوڵەكانی خۆی چڕ بكاتەوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەلیسۆن بیكەری گۆڵپارێزی یانەی رۆما كە لەم وەرزەدا بە یەكێك لە باشترین گۆڵپارێزەكانی خولی ئیتاڵیا دادەنرێ.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە تا ئێستا هەڵبژاردەی یەكەمی یانەی ریال مەدرید دێڤید دێ خیای گۆڵپارێزی ئیسپانییە، بەڵام یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بەهیچ شێوەیەك نیازی نییە دەستبەرداری بێت.

ماڵپەڕەكە ئاشكراشی كرد بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید ئێستا رووی خۆیان بەرەو ئەلیسۆن وەرگێڕاوە، دوای ئەوەی كیپای گۆڵپارێزی لاوی یانەی ئەتلەتیك بیلباو تووشی پێكان هات و بەهۆیەوە ماوەی 3 مانگ لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە.

یانەی ریال مەدرید تەنیا یانە نییە كە ئارەزووی گرێبەستكردنی لەگەڵ ئەلیسۆن هەیە، بگرە چەندان گەورە یانەی تری ئەوروپاش لە هەوڵی رازیكردنیدان كە گرینگترینیان یانەكانی لێڤەرپوولی ئینگلیزی و پاریس سان جێرمانی فڕەنسین.

ئەلیسۆن ئێستا گۆڵپارێزی سەرەكی هەڵبژاردەی بەڕازیلە و لەم وەرزەدا تا ئێستا بەشداری لە 25 یاریی لەگەڵ یانەی رۆما لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا كردووە و تەنیا 20 گۆڵی لێ كراوە، هەروەها توانیبووی لە 12 یارییدا گۆڵی تیپەكەی بەخاوێنی رابگرێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م