عەبادی بۆ تۆماركردنی قه‌واره‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی چاوی له‌ ده‌ستی مه‌عسوومه‌

:: AM:10:27:14/01/2018 ‌
ڕۆژنامەی "حەیات"ی لەندەنی لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بڵاوی كردەوە، عەبادی چاوەڕوانی ڕەزامەندی سەرۆك كۆماری عێراق فوئاد مەعسوومە بۆ ئەوەی فەرمان بە كۆمیسیۆن بكات دەرگەی تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردن جارێكی تر بكاتەوە، دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەم 11ی كانوونی دووەم/یەنایەر وادەكە كۆتای هات.

عەبادی شكستی هێناوە لە تۆماركردنی قەوارەیەكی سیاسی تایبەت بە خۆی، بەهۆی ئەوەی پێشتر وەك كاندیدێكی حزبی دەعوە بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی ناوی تۆمار كراوە، وەك نوێنەری حزبی دەعوە، بەڵام ئێستە لیستی دەوڵەتی یاسای مالیكی نوێنەرایەتیی حزبی دەعوە دەكات، ئەمیش بێ هیچ قەوارەیەك لیستی پێكهێناوە و خەریكی گفتوگۆكردنە لەگەڵ بەرەی فەتح كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تێیدا بەشدارن و هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات.

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد، عەبادی بۆ ئەوەی وادەی تۆماری قەوارە سیاسییەكان درێژ بكرێتەوە، پێوەندی بە سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كردووە، داوای لێ كردووە بڕیارێكی پەرلەمانی دەربكات بۆ ئەوەی دووبارە دەرگەی قەوارە تۆماركردن لە كۆمسیۆن بۆ ماوەیەك درێژ بكرێتەوە، بەڵام سەلیم جبووری دووپاتی كردووەتەوە لە ڕووی یاسایییەوە ئەمە هیچ لە دەسەڵاتی پەرلەمان نییە و بە ڕوونی لە دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆماردایە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، ناكۆكی و جیاوازی لە نێوان عەبادی و مەعسووم هەیە لەسەر چۆنیەتیی چارەسەركردنی تەنگژەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، مەعسووم داوای دەستبەجێ دەستكردن بە گفتوگۆ و دانوستاندن دەكات، بۆیە عەبادی ترسی ئەوەی هەیە، بەهۆی ئەوەی بەدەم دەسپێشخەری مەعسووم نەڕۆیشتووە، ئەو ئامادە نەبێ ئەو فەرمانە بە كۆمسیۆن بكات و وادەی قەوارە تۆماركردن درێژ بكرێتەوە.

ئاماژەی دا، عەبادی چاوەڕوانی سەرۆك كۆمار دەكات، ئەگەر داواكەی عەبادی ڕەت بكاتەوە، ئەوا سەرۆك وەزیران كار بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ماوەی شەشی مانگی دوای ئەو وادەیەی دیاریكراوە دەكات.

عەبادی بەهۆی ئەوەی كەسی یەكەمی هیچ قەوارەیەكی سیاسی نییە، مەترسی لەسەر پێگەی خۆی هەیە و ئەگەری بوونیشی بە سەرۆك وەزیران گرفتی تێ دەكەوێ، كاتێك لیستێك بە سەرۆكایەتیی كەسێكی تر زۆرترین دەنگ و كورسی دەهێنێت، لیستی دەوڵەتی یاسا نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات و لیستی فەتحی حەشدی شەعبیش هادی عامری كەسی یەكەمیەتی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د