گەمەیەكی سیاسی لە پشت ناردنی مووچەی دوو وەزارەتەكەی كوردستانە

ماوەیەكە حكوومەتی عێراق ئامادەیی خۆی نیشان داوە مووچەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی حەوت كەسی دروست كراوە لە هەردووی و لیستەكان بە بەغدا دراون، بەڵام گومان لەوە دەكرێت گەمەیەكی سیاسیی لە پشت ئەم نەرمی نواندنە خۆی حەشار دابێت و عێراق ئامانجەكەی ناردنی مووچە نەبێت. چونكە هیچ لایەنێك هەڵوێستی روونی نییە و هیچ رێككەوتنێكیش نەكراوە لەسەر دانی ئەو پارەیە.

تا ئێستە دیار نییە حكوومەتی عێراق بەچ مەرجێك و لە بەرامبەر چ داوكارییەك مووچەی ئەو دوو وەزارەتە رەوانە دەكات. ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستانیش باس لەوە دەكات تا ئێستە حكوومەتی بەغدا هیچ داواكارییەكی لەوان نەكردووە و جارێ نەگەیشتوونەتە ئەو قۆناغەی مووچەكە رەوانە بكەن تا بزانن چ داواكارییەكیان دەبێت. 

ڤیان حوسێن نوێنەری وەزارەتی تەندروستی لە لیژنەی وردبینیكردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە، بە"وشە"ی راگەیاند، لەمیانەی سەردانەكەیان بۆ بەغدا لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەیان داوەتە بەغدا و ئەوانیش باسیان لەوە كرد دەست بە وردبینیكردن دەكەن، گوتیشیان شاندێكی دیوانی چاودێری عدارایی ێراق سەردانی هەرێم دەكات.

لەبارەی ئەوەی بەغدا چ مەرجێكیان هەبووە بۆ ئەوەی مووچەی ئەو دوو وەزارەتە بدەن، ڤیان حوسێن دووپاتی كردەوە كە باسیان لە هیچ مەرجێك نەكردووە و تەنیا گوتوویانە لیژنەكەیان تەكنیكییە و داوایان لێ كراوە وردبینی بكەن و ئەنجامەكەی بدەن بەسەرووی خۆیان. روونی كردەوە "پێمان گوترا هەر كاتێك كارەكان تەواو بوون مووچەكە رەوانە دەكەین، بەڵام وادەیەكی دیاریكراو نەبوو لەبارەی ناردنەكە".

نوێنەری وەزارەتی تەندروستی لە لیژنەی وردبینیكردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەر دوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە، دەڵێ "بەغدا باسیان لەوە كرد لە وردبینیكردنی ساڵانە لیستی ناوەكانیان هەیە و ژمارەی نەخۆشخانە و بنكەكان و ژمارەی فەرمانبەرانیشیان هەبوو، بۆیە وردبینی دەكەن ناوێك دیاری دەكەن و داوای زانیاری لەبارەوە دەكەن كە كێییە و لە كوێ دەوام دەكات تا دڵنیا بن".

لیژنەكە گەڕاوەتەوە كوردستان و پێیان گوتوون هەر كاتێك كاری وردبینی تەواو بوو، كاری ئەو لیژنەیەش تەواو دەبێت و هەر كێشەیەك هەبێت ئەوا ئاگاداریان دەكەنەوە.

بەغدا تەنیا داوای لیستی ئەو دوو وەزارەتەی كردووە و باسی لەوە نەكردووە كە چ مەرجێكیان هەیە بۆ رەوانەكردنی مووچەی ئەو دوو وەزارەتە. زیرەك كەمال راوێژكاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، لەم دوو مانگەی دوایی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران توانی بە زمانێكی دیپلۆماسی بەرانبەر عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و دنیا قسە بكات و هیچ جۆرە بیانوویەك بۆ بەغدا نەهێڵێتەوە، ئەوە وای كرد عێراق بكەوێتە ژێر گوشارێكی زۆری نێودەوڵەتی و ناوچەیی و بڕیاری ناردنی مووچەی دوو وەزارەتەكەش لەم سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت.

"راستە بەشێك لە هۆكارەكە بۆ گوشاری نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت لە ناوخۆی عێراقیش كەسایەتی و لایەنی سیاسی هەن دیموكراسیخوازن و دەزانن ئەوەی عێراق دەیكات پەشیمانبوونەوەیە لە دەستوور، كوردستانیش بۆ سەقامگیری و دابینكردنی مووچە هەموو شێوازێكی مامەڵەكردن و خەبات دەگرێتە بەر" كەمال وای گوت.

ئەوەی حكوومەتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان رەوانەی دەكات، بە بۆچوونی ئەم راوێژكارە مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە و دانەوەی قەرزێكی هەرێمە كە قۆرخیان كردبوو. بەغدا بەملیاران دۆلار قەرزداری كوردستانە و بۆ جارێكیش بەغدا ١٧%ی بەشە بودجەی هەرێمی نەداوە، چەند ساڵێكیشە هیچ بڕێكی رەوانە نەكردووە و ئێستەش رەوانەكردنی مووچەی دوو وەزارەت لە ئاست چاوەڕوانی كورددا نییە، بەڵام ئاماژەیەكی دڵخۆشكەرە.

هاوكات سەرحان سلیڤانەیی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە"وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی عێراق دەیەوێت لەو چەند مانگەی بۆ هەڵبژاردنەكان ماوە، هەنگاوێكی ئەرێنی بنێت بەرانبەر كوردستان و خۆی وا نیشان بدات كە لە خەمی هەرێمدایە و دەیەوێت هاوكاری خەڵكەكەی بكات. 

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە "بەغدا لەم كارەی مەرجی خۆی دەبێت، ئەویش رادەستكردنی خاڵە سنووریەكان و داناتی فڕۆكەخانەكانە. بۆ ئەمە هەموو هەنگاوێك دەنێت و ئامادەكاری دەكات تا بیانوویەك لە كوردستان وەردەگرێت و دواتر مووچەكە رەوانە ناكات، لە راستیدا جۆرە یارییەكە عێراق بە هەرێمی دەكات، ئەگەر نا شتێك بە ناوی ناردنی مووچە نییە و لە داهاتووشدا ئەمە بۆ هەموو كەسێك روون دەبێتەوە".

هەولێر- بڵند ئیبراهیم   



وشە - تایبه‌ت


PM:12:16:14/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 5880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌