عەبادی و مالیكی حزبی دەعوە دابەش دەكەن و ناچاری كشانەوەی لە هەڵبژاردن پێ دەكەن، یەكەمیان لەگەڵ حەشدی شەعبی و ئەوەی دووەمیش لەگەڵ پارت و كەسایەتییە نزیكەكانی هاوپەیمانیان دژ بەیەك راگەیاند. لەو لاشەوە ئەیادی عەلاوی هاوپەیمانی نیشتمانی پێكهێنا، بەڵام تا ئێستە هێزە سوننەكان نەیانتوانیوە خۆیان كۆ بكەنەوە و كوردیش بەهەمانشێوە.
دواجار ئەوەی چاوەڕوان دەكرا كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نووری مالیكی جێگری سەرۆك كۆمار و سكرتێری حزبی دەعوە، لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو رێك نەكەوتن و بەهۆیەوە حزبی دەعوە لە هەڵبژاردنەكان كشایەوە، لە جێیدا دوو هاوپەیمانی بە سەرۆكایەتی عەبادی و مالیكی بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن.
شەوی رابردوو 13ی كانونی دووەم، بەشێوەیەكی فەرمی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەركردەكانی حەشدی شەعبی هاوپەیمانی (سەركەوتنی عێراق)یان راگەیاند.
لە گوتەیەكدا بە بۆنەی راگەیاندنی هاوپەیمانیەتییەكە، عەبادی گوتی "ئەو هاوپەیمانیەتییە هەنگاوێكە بۆ پاراستنی سەركەوتنەكان و خوێنی شەهیدان و برینداران چ ئەوانەی لە سەنگەرەكاندان و چ ئەوانەشی بەرەنگاری گەندەڵی بەهەموو جۆرێكی دەبنەوە. داواش لە لیستەكانی تر دەكەم بێنە ریزی هاوپەیمانیەتییەكە كە سنووری تایفیی تێپەڕاندووە".
عەبادی ئاماژەی بەوەدا كە هاوپەیمانیەتییەكە بۆ هەموو عێراقییەكانە و كار دەكات بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق و رێكخستنەوە و چاككردنەوەی هەڵەكانی لە رابردوودا كراوە و هەوڵی دادگەری و یەكسانی لە نێوان گەلانی عێراق دەدات.
روونی كردەوە، دوای سەركەوتن بەسەر داعش، ئێستە كاتی هەڵهاتنی خۆرێكی ترە بۆ عێراقییەكان و ئاوەدانكردنەوە و چاكسازی و ئاشتەوایی نیشتمانی.
هاوپەیمانیەتییەكەی عەبادی، نۆ گرووپی حەشدی شەعبی و 11 حزب و قەوارەی سیاسی لە خۆ دەگرێت، لەوانە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بەسەرۆكایەتی هومام حەموودی، فەزیڵە، رەوتی چاكسازی بەسەرۆكایەتی ئیبراهیم جەعفەری، لیستی سەربەخۆكان بەسەرۆكایەتی حوسێن شەهرستانی و سێ هێزی سوننە كە یەكێكیان بە سەرۆكایەتی خالید عوبێدی وەزیری پێشتری بەرگری.
هاوكات لیستەكەی نووری مالیكی بە ناوی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەبێت
دەعوە لە هەڵبژاردن دەكشێتەوە
دوای چەندان كۆبوونەوە مالیكی و عەبادی لەسەر سەركردایەتیی قەوارەی حزبی دەعوە و سەرۆك وەزیرانی داهاتوو رێك نەكەوتن و هەردوولا پێداگیر بوون لەسەر ئەوەی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق كاندید بكەن، ئەمەش وایكرد هەردوو بڕیاری پێكهێنانی هاوپەیمانی تایبەت بە خۆیان بدەن، بەمەش حزبی دەعوە كە خۆی بۆ هەڵبژاردن تۆمار كردبوو، بڕیاری كشانەوەی راگەیاند و بە دوای ئەودا نووری مالیكی و حەیدەر عەبادی هاوپەیمانی تایبەت بە خۆیان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆمار كرد وەك دوو لیستی سەربەخۆ كە ململانێ و كێبەركێی یەكتر دەكەن.
حزبی دەعوە لە بەیاننامەیەكدا كە شەوی رابردوو بڵاوی كردەوە، ئاشكرای دەكات كە سەركردەكانی حزب لە كۆبوونەوەی دوێنێ شەموو 13ی كانونی دووەم كۆك بوون لەسەر ئەوەی حزبی دەعوە بە ناونیشانی حزبی خۆیەوە بەشداری هەڵبژاردن نەكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
حزبی دەعوە لە بەیاننامەكەیدا بژاردەی سەربەخۆیی دایە ئەندامانی كە دەچنە پاڵ كام لەو دوو هاوپەیمانیەتییە بەو مەرجەی نابێت ناوی حزب و پۆستەكانیان بەكار بهێنن، بەڵكو تەنیا بە ناوی خۆیان بەشداری دەكەن.
لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەگوێرەی داتاكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە كۆی 36 ملیۆن دانیشتووی عێراق، 24 ملیۆن مافی دەنگدانیان هەیە و 204 حزبی سیاسی لە چوارچێوەی زیاتر لە 30 هاوپەیمانیەتی و قەوارەی سیاسیی خۆیان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆمار كردووە و كێبەركێ دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی پەرلەمانی كە ژمارەی 328 كورسییە، ئەمە جگە لە كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی تر جیاوازە و كۆی گشتی زیاتر لە 500 كورسی دەبێت.
هەرچی لایەنە سوننەكانن تا ئێستە ئەوەی روون بووەتەوە پێدەچێ بە پێنج هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، هەریەكە لە سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان، ساڵح موتڵەگ و ئوسامە نوجێفی و ئەحمەد مەساری هاوپەیمانی تایبەت بە خۆیان رادەگەیەنن و خالد عوبێدیش بە لیستی (بیارق الخیر) چووەتە ریزی هاوپەیمانییەكەی عەبادی.
هاوكات مەیسوون دەملوجی گوتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی راگەیاند كە ئەیاد عەلاوی سەركردەی هاوپەیمانی نیشتمانی رۆژی پێنجشەمی رابردوو 11ی كانوزنی دووەم، لەگەڵ زیاتر لە 30 حزب و قەوارەی سیاسی دوای كۆبوونەوەیان، هاوپەیمانی نیشتمانییان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیاند.
دەملوجی روونی كردەوە كە هەموو حزب و قەوارەكان بە پێڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی نیشتمانی رازی بوونە كە دژی تایفەگەرایییە.
پێكهێنانی ئەو هەموو هاوپەیمانیەتییە و دابەشبوونی شیعەكان بەسەر دوو هاوپەیمانی و دابەشبوونی سوننەكان بەسەر زیاتر لە پێنج هاوپەیمانی كە بەشێكیان چوونەتە پاڵ هاوپەیمانییە شیعەكان، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش رەنگدانەوەی هەبووە.
ئەگەرچی پارتی و یەكێتی لە هەوڵدان لایەنە كوردستانییەكان بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بكەن، بەڵام تا ئێستە لەو هەوڵەیاندا سەركەوتوو نەبوونە، هەفتەی رابردوو هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادوەری بۆ ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان هاوپەیمانیەتییەكیان راگەیاندووە.