بۆ یەكەمجار دوای 2014، نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی 70 دۆلاری تێپەڕ كرد و ئەمەش بەهێزترین دەستپێكە لە هەفتەی دووەمی 2018، هۆكارەكەشی كێشە ناوخۆیییەكانی ئێران و رەوشی ڤەنزوێلا و پابەندی وڵاتانی ئۆپیكە بە رێككەوتنەكە.
دوای درێژكردنەوەی رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیك و رووسیا بەتایبەت لە ساڵی 2018، هەروەها گۆڕانكاری و ململانێیە جیۆسیاسییەكانی ناوخۆی ئێران كە وڵاتێكی گرنگ و ئەندامە لە ئۆپیك، هەروەها تەنگژەی ئابووریی ڤەنزوێلا و پابەندی وڵاتانی ئۆپیك و رووسیا بە رێككەوتنەكە، وایكرد لە هەفتەی دووەمی 2018 نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 70 دۆلار تێپەڕێنێت.
بەرپرسانی ئۆپیك رای دەگەیەنن كە وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوەكە و رووسیا بە رێژەی 128% پابەندی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتن كە بەگوێرەی رێككەوتنەكە، رۆژانە ملیۆنێك و 800 هەزار بەرمیل كەمتر بەرهەم دەهێنرێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ڤەنزوێلا یەكێك لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و خاوەنی زۆرترین یەدەگی نەوت لە دنیادا، هەموو ئەمانە وایانكرد نرخی بەرمیلێك نەوت لە 63 دۆلار بۆ 70 دۆلار بەرز ببێتەوە.
هەفتەی رابردوو بازاڕی نەوت جموجۆڵی زۆری بەخۆیەوە بینی بە تایبەت دوای لێدوانی ئەلكساندەر نوڤاك وەزیری وزەی رووسیا كە رای گەیاند هێشتا هاوسەنگی لە نەوت نییە، ئەمەش وا لێكدرایەوە كە وڵاتانی ئۆپیك و رووسیا بە توندی پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەیانن كە مانگی رابردوو لە ڤیەنا واژوویان لەسەر درێژكردنەوەی بۆ ماوەی ساڵی 2018 كرد.
وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت چاویان لەوەیە نرخی نەوت بگاتە ئاستی پێویستی خۆی، وەك چاودێرانی ئابووری ئاماژەی بۆ دەكەن مەبەست لەمەدا ئەوەیە نرخی بەرمیلێك نەوت لە سەرووی 75 دۆلار بێت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیادا هاوكاتە لەگەڵ كەمی نەوت لە بازاڕ كە وڵاتانی بەركاربەر چاویان لەوەیە رێژەكەی زیاتر بێت، بەڵام وڵاتانی بەرهەمهێن چاویان لەوەیە رێژەكەی كەمتر ببێتەوە بە مەبەستی بەرزكردنەوەی نرخەكەی.
ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو هێزە گەورەیە جیهانییە بەكاربەرەی نەوت كە هاوشانی گەشەسەندنی ئابووریی جیهانییە، ئۆلی هانسن سەرۆكی ستراتیجیی نرخ لە بانكی ساكسۆ دەڵێن هەواڵەكان زیاتر ئەرێنین و سەرنجڕاكێشن، بۆیە هیچ ترسێك لە ئاماژەی نەرێنی نابینرێت.
بەڵام بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردینی یەكێكە لە دیارترین ئاماژە نەرێنییەكان لە بازاڕی نەوتی جیهانی، ئەمەش هەڕەشەی گەورەی لەسەر رووسیا و ئۆپیك دروستكردووە كە پابەندی زیاتری رێككەوتنەكە ببن بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان. ئەگەرچی نەوتی بەردینی ئەمەریكی لە ماوەی رابردوودا بەهۆی كەشوهەوا و ئەو شەپۆلە بەفربارینە كاریگەری گەورەی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان دروستكردووە كە ئەمەریكا ئامانجی بوو بەربەستی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی ببڕێت و بگاتە ریزی رووسیا و سعوودیە كە رۆژانە زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن.
لوقمان ئۆتۆنوجا چاودێر لە ئێف ئێكس تی ئێم بۆ بازرگانی نەوت و گرێبەستی دوورمەودا، دەڵێ نرخی نەوت بە شێوەیەك بەرز دەبێتەوە كە هیچ كەسێك ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات، ئەمەش هاوشانی بەرزبوونەوەی ئاستی ئەو ترسەیە كە لە بازاڕەكاندا هەیە، بە تایبەت جیۆسیاسی ناوخۆی ئێران و كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەم لە ڤەنزوێلا، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی نەوتی بەردینی ئەمەریكی رەنگە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا دابەزێنێت.
ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمەریكی پێشبینی دەكات كە ئەمەریكا بتوانێت تا ساڵی 2019 ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی خاو بگەیەنێتە 11 ملیۆن بەرمیل، بەمەش زیاتر لە پێنج دۆلار و 50 سەنت نرخی بەرمیلێك نەوتی تكساس كە نرخی نەوتی بەرهەمی ئەمەریكای پێ دەپێورێت، لە نرخی بازاڕی جیهانی كەمتر دەبێت كە ئەویش نرخی برێنتە كە هەموو وڵاتانی دنیا وەك بنەمایەك لێی دەڕوانن و پشتی پێ دەبەستن.
هەر بە مەبەستی دابەزاندنی نرخ، ئەمەریكا هەوڵدەدات ئاستی بەرهەمهێنانی زیاد بكات و هەناردەی بازاڕەكانی ئاسیاشی بكات، ئەمەش وا دەكات كێبەركێ زیاتر دروست بكات و گوشاریش بخاتە سەر وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە ئاسیا، هاوكات بەهۆی گوشاری كۆمپانیاكانیشەوە عێراق و ئێران دووەم و سێیەمین وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت لە ئۆپیك نرخی نەوتیان دابەزاند تا بتوانن پارێزگاری لە توانای كێبەركێیان بكەن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، كۆمپانیاكانی هەڵكۆڵین لە ئەمەریكا 10 بیر نەوتی تریان لەم هەفتەیە لێداوە، كە هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخ لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بۆ بەرزترین ئاستی و تێپەڕاندنی بەربەستی 70 دۆلار بۆ بەرمیلێك نرخی نەوت.
كۆمپانیای بیكەر هیوز بۆ خزمەتگوزاری وزە لە راپۆرتی هەفتانەی خۆیدا رای گەیاند، كۆی گشتیی بیرە نەوتییەكانی لە ئەمەریكا كار دەكەن و بەرهەمیان هەیە، گەیشتووەتە 752 بیرە نەوت.
ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر ژمارەی بیرە نەوتییەكانی ئەمەریكا 522 بیرە نەوت بوون، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا پلانیان داڕشتبوو بۆ ساڵی 2017 ژمارەی بیرە نەوتییەكان زیاد بكەن كە ئەمەش هاوشانی دابەزینی نرخی نەوت بوو لە بازاڕەكانی دنیا.