تا ئێستە 62 هەزار كەس لە مووسڵ ئاوارە بوون

:: AM:09:12:19/11/2016 ‌

هێزەكانی عێراق لە میحوەرە جیاجیاكانی مووسڵ لە پێشڕەویی بەردەوامدان و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیش ئاشكرای كرد، كە تا ئێستە زیاتر لە 62 هەزار كەس لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی مووسڵ ئاوارە بوون، لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانیش 12 تیرۆریست لە گوندێكی باشووری مووسڵ كوژران، شەڕ و پێكدادانەكانیش بەردەوامە.

لیوا موهەنەد سەعیدی فەرماندە لە هێزە تایبەتەكانی عێراق ئاشكرای كرد، هێزەكان لە هەموو میحوەرەكان لە پێشڕەوی بەردەوامدان، تیرۆریستان خەڵكی مەدەنی وەك قەڵغانی مرۆیی بەكار دەهێنن، بۆیە ئێمەش ناچارین، هەموو جۆرە چەكێك لە جەنگی نێو گەڕەكەكان بەكار نەهێنێن، بەتایبەت چەكە قورسەكانی وەك تۆپهاوێژ و هاوەن.

هەروەها گوتی، ئێستە هێزەكان چوونەتە نێو گەڕەكی تەحریری شاری مووسڵ و شەڕ تا ئێستەش بەردەوامە، بە رزگاركردنی گەڕەكی تەحریر، ژمارەی ئەو گەڕەكانەی ڕزگار كراونەتەوە دەبێتە 12 گەڕەك لە كۆی 50 گەڕەكی بەری چەپی یان رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ.

لەلایەكی ترەوە  وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاشكرای كرد، لە ساتی دەست پێكردنی هەڵمەتی رزگاری مووسڵ تا ئێستە 62 هەزار و 399 كەس ئاوارە بوون.

لە راگەیەنراوێكی شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراقیش هاتووە، شەوی ڕابردوو لە میانەی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكان بۆ سەر بنكەكانی داعش لە گوندی عومەركان لە باشووری مووسڵ، 12 تیرۆریست كوژران و زیانی مادی زۆریش بە تیرۆریستان گەیەنرا.

پارێزگای نەینەوا دەكەوێتە 465 كیلۆمەتر باكوری بەغدا و دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە و تەواوی دانیشتووانی سێ ملیۆن و 500 هەزار كەس دەبێ و ڕووبەڕەكەی 14 هەزار و 411 كیلۆمەتری دووجایە، لە سەردەمی ئاشوورییەكان لە شەش هەزار ساڵ پێش زاینی خەڵكی لێ كۆ بووەتەوە و سێ هەزار پێش زاین بووەتە سەنتەری ئاینی خواوەندی عەشتاری ئاشوورییەكان، نینۆس یەكێكە لە فەرماندە سەربازییەكانی ئاشوورییەكان دروستی كردووە لە سەردەمی شەمشی ئادی یەكەمی پاشای ئاشوورییەكان.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

سەرچاوە/یۆرۆ نیوز،شەفەق نیوز، ئێن ئێن سی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د