ئەگەرچی هەردووكیان لە حزبی دەعوە ماونەتەوە، بەڵام حەیدەر عەبادی سەرۆكی وەزیران و نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشتر بە دوو لیستی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن. سەركردە بێلایەنەكانی حزبی دەعوەش دەڵێن بوونی جیاوازی و فرەڕەنگی بە قازانجی حزب دەشكێتەوە، چونكە بەشێك لە خەڵك هەن پشتگیری لە عەبادی دەكەن و بەشێكی تریش هەن پشتگیری لە مالیكی دەكەن، ئەمەش وا دەكات دەنگی هیچ كامێكیان نەفەوتێت، لە بەرانبەردا ئەوانەی بەشێكیان پشتگیری لە عەبادی دەكەن و بەشێكیان پشتگیری لە مالیكی دەكەن، پێیان وایە ئەوە سەرەتای دابەشبوونە.
دواجار مالیكی و عەبادی لەسەر ژمارە یەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نەگەیشتن بە رێككەوتن، ئەمەش سەرەتای جیابوونەوەیان بوو كە مالیكی پێداگیر بوو لەسەر ئەوەی ژمارە یەكی هاپەیمانی دەوڵەتی یاسا بێت و مەرجەكانی عەبادی رەتكردەوە كە داوای كردبوو مالیكی ببێتە ریزبەندی ژمارە دوو لە لیستەكەدا. بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان، نووری مالیكی مەرجێكی تری عەبادی رەتكردەوە كە بەڵێنی پێ بدات پشتگیری بكات بۆ خولی دووەمی سەرۆك وەزیرانیەتی وەك مەرجی رازی بوونی عەبادی بە ریزبەندی دووەم لە لیستەكەدا.
ئەمەش وایكرد عەبادی پەلە بكات لە تۆماركردنی هاوپەیمانی (سەركەوتن) بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆن رازی نەبوو ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانیەتی درێژ بكاتەوە.
سەرچاوەیەكی سیاسیی باوەڕ پێكراو كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت دەڵێ، ناكۆكییەكانی نێوان مالیكی و عەبادی لێرەدا كۆتای نایەت كە لەسەر ریزبەندی نەیانتوانی لە یەك لیستدا بن، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ خولی پێشتر كە عەبادی بوو بە سەرۆك وەزیران و نووری مالیكی زۆر دژ بوو. كاتێك عەبادیش ئەمجارە ئەو مەرجانەی لەسەر نووری مالیكی دانا بۆ دابەزینی هەردووكیان بەیەك لیست، ئەو دەیزانی كە مالیكی پیاوێكی كەلەڕەقە و پێی رازی نابێت، ئەمەش باشترین پاساوی عەبادی بوو بۆ چوونە دەرەوەی لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و دانانی هاوپەیمانیەتییەك تایبەت بەخۆی كە دواتر ناوی لێنا (نصر- سەركەوتن) و لەگەڵ قەوارەكانی سەركردەكانی حەشدیش كە خۆیان لە لیستێكدا كۆ كردووەتەوە، هاوپەیمانی بەست.
خەلەف عەبدولسەمەد سەركردەیەكی باڵایە لە حزبی دەعوە كە لایەنگیری نووری مالیكییە دەڵێ، حزبی دەعوە زۆر لەو كەسایەتییانە گەورەترە كە ئەندامی ئەو حزبەن، تەنانەت سەركردەیەكی لە ئاستی نووری مالیكی و عەبادیش.
روونی كردەوە هەر كەسێك لە حزبی دەعوە بچێتە دەرەوە و قەوارەیەك دامەزرێنێت، ئەوا زیانی زۆر دەكات، لەوانە ئیببراهیم جەعفەری سەرۆك وەزیرانی پێشتر و وەزیری دەرەوەی ئێستە.
زیاتر گوتی "دروستكردنی لیستی تر لە دەرەوەی حزبی دەعوە لە بەرژەوەندیی عەبادی و حزبی دەعوە نییە، تەنانەت ئەگەر ناكۆكییەكانی نێوان عەبادی و مالیكی زۆریش قووڵ بووایە، نەدەبوو بچێتە دەرەوە، چونكە چوونە دەرەوەی عەبادی سەركێشییە، بەڵام ئەگەر بە لیستێكی تر بەشداری بكات و لە حزبی دەعوە بمێنێتەوە، ئەوا بە سوودی دەوڵەتی یاسا تەواو دەبێت".
بە پشتبەستن بە گفتوگۆكانی نێوان عەبادی و سەركردەكانی حەشدی شەعبی، ئێستە كێشەی ژمارە یەك كەوتووەتە نێوان عەبادی و هادی عامری سەركردەی رێكخراوی بەدر و یەكێك لە دیارترین كەسایەتی و سەركردەكانی حەشدی شەعبی. بەڵام بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكانی ژوورە تاریكەكان، پێدەچێ عامری رازی بێت عەبادی ببێتە ژمارە یەك لە بەغدا و عامریش لە دیالە ژمارە یەك بێت.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەكی ئاگادار، سەركردەكانی حزبی دەعوە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانیەتییە نین كە نووری مالیكی لەگەڵ لایەنەكانی تر پێكی هێناوە. بەڵام نووری مالیكی لە وەڵامدانەوەی رەخنەگرانی لە هاوپەیمانیەتییەكەی رای گەیاند حزبی دەعوە دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بكات بەو مەرجەی یاسا رێی بدات و سەركردەكانیشی یەكڕیزی حزبی دەعوە بپارێزن.
بەگوێرەی زانیارییەكی پشت پەردەی حزبی دەعوە كە شەوی رابردوو 14ی كانوونی دووەم بەڕێوە چوو، پێدەچێ نووری مالیكی جارێكی تر پێداگیری بكات لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ ویلایەتی سێیەم، هەوڵیش بۆ ئەوە دەدات زۆرترین كورسیی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت ئەگەرچی زۆرترین هێزی سیاسی دژی ئەوەن، تەنانەت زۆرترین سەركردەی حزبی دەعوەش كە ئەمە هۆكاری ئەوەبوو لە 2014 سەركردەكانی دەعوە كۆببنەوە و عەبادی بكەن بە سەرۆك وەزیران لە جێی مالیكی، ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە نامەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان كە داوایكردبوو كەسێكی تر لە جێی نووری مالیكی هەڵبژێرن.
سەركردەیەكی ئاگادار ئاشكرای دەكات كە زۆرینەی سەركردەكانی حزبی دەعوە لەگەڵ ئەوەدا نین نووری مالیكی هاوپەیمانی لەگەڵ حزبی بانگخوازی ئیسلامی ببەستێت كە بە حزبی دەعوە- رێكخستنی ناوەوە ناسراوە، هەروەها لەگەڵ گردبوونەوەی مژدەكان كە یاسر عەبد سەركردایەتی دەكات و لەگەڵ رەوتی ناوەڕاست كە مۆفەق روبەیعی سەركردایەتی دەكات و حزبی مەدەنی كە حەمەد مووسەوی سەركردایەتی دەكات.
سەرچاوەكە دووپاتی دەكاتەوە زۆرینەی ئەوانەی مالیكی هاوپەیمانی لەگەڵدا بەستوون، لای سەركردەكانی دەعوە و عەبادی قبووڵكراو نین، ئەمەش وایكرد حزبی دەعوە ئاگاداری كۆمسیۆن بكاتەوە كە ئەو هاوپەیمانیەتییەی مالیكی رای گەیاندووە هەوڵێكی تاكەكەسییە و هیچ پێوەندی بە حزبی دەعوە نییە، بەڵكو هاوپەیمانیەتییەكەی عەبادی رای گەیاندووە نمایندەی حزبی دەعوە دەكات.
زیاتر گوتی "حزبی دەعوە نووسراوی بۆ كۆمسیۆن كردووە كە نووری مالیكی لە حزبی دەعوە چووەتە دەرەوە".
كێشەی ژمارە یەك تەنیا لای حزبی دەعوە نییە، تەنانەت لە لیست و قەوارەكانی تریش كێشەی دروستكردووە، لەوانە ئەو هاوپەیمانیەتییەی عەلاوی و سەلیم جبووری و ساڵح موتڵەگ بەنیازن رای بگەیەنن، بەگوێرەی زانیارییەكان هێشتا ریزبەندی ژمارە یەك لەلایەن ئەو سێ كەسایەتییە یەكلا نەكراوەتەوە، پێ دەچێ عەلاوی لە بەغدا ژمارە یەك بێت و سەلیم جبووری لە دیالە ژمارە یەك بێت و ژمارەكانی تریش بەگوێرەی قەبارەی قەوارەكانی تر دابەش بكرێن.