دەسەڵاتی عەشایەر.. سنووری دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقی بڕیوە

:: PM:02:34:15/01/2018 ‌


عەشایەری عێراقی دەسەڵاتی تەنیا لەناو عەشیرەتەكەی خۆی و كۆمەڵگەكەیدا قەتیس نییە، بەڵكو بەهۆی لاوازی دەسەڵاتی دەوڵەت لە دوای 2003 بەدواوە بەهۆی لاوازیی یاسا عەشایەری عەرەبی عێراقی نەك تەنیا نەچووەتە ژێر باری یاسا، تەنانەت ئیرادەی خۆی لە رێی هێزەوە بەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەت سەپاندووە. دەسەڵاتی عەشایەر رۆژانە بۆ ناو دامەزراوە وەرزشییەكانیش كە دۆخێكی كارەساتباری خوڵقاندووە و وای كردووە كاریگەرییان بەسەر بڕیاری دەوڵەت هەبێت.

 سەرچاوەیەك لە لیژنەی ئۆڵەمپی عێراقی ئاشكرای دەكات كە عەشایەر هەڕەشەی كوشتنیان لە حەیدەر جومەیلی ئەمینداری گشتیی لیژنەی ئۆڵەمپی عێراقی كردووە لەسەر بڕیارێكی كارگێڕی لەبارەی یەكێك لە فەرمانبەرانی لیژنەكە. ئەو سەرچاوەیە روونی كردەوە كە فەرمانبەرەكە دوای دەرچوونی بڕیارەكە پەنای بۆ عەشیرەتەكە بردووە و ئەوانیش هەڕەشەیان لە جومەیلی كردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا كە كەسایەتی و ریشسپییانی عەشیرەتی فەرمانبەرەكە لە رێی تەلەفۆنەوە هەڕەشەیان لە جومەیلی كردووە و لە رێی كەسانی نێوەندگیریش داوایان لێ كردووە لە بڕیارەكەی پاشگەز ببێتەوە، ئەگەر نا ناوی دەچێتە ناو لیستی داواكراوان لە عەشیرەتەكەیان و باجی بڕیارەكەی داویەتی دەیداتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لەبەر هەستیاریی پرسەكە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، ئاماژەی بەوە دا كە جومەیلی هەوڵ دەدات پرسەكە لە رێی یاساوە چارەسەر بكات، بەڵام دادگاكان ناتوانن هیچ كەسێك پەلكێشی دادگا بكەن ئەگەر عەشیرەتەكەی لە پشتییەوە بێ، ئەمەش وای كردووە لیژنەی ئۆڵەمپی بكەوێتە دووڕیانێكی سەخت و دژوار، بۆیە داوای لە حكوومەت كردووە دەستوەردان لەو كەیسەدا بكات.   
                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                          
 سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە هەندێك لە ئەندامانی لیژنەی ئۆڵەمپی هەوڵیان داوە نێوەندگیری بكەن تا كێشەكە گەورەتر نەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ سەرۆكی عەشیرەت و پیاوی ریشسپی دانیشتنیان كردووە، بەڵام ئەوان رەتیان كردەوە كە سازش لەسەر بڕیاری عەشیرەتەكەیان بكەن و دوا هەلیان داوە بە جومەیلی بۆ ئەوەی لە بڕیارەكەی پاشگەز ببێتەوە.

سەعد عجێلی سەرۆكی یەكێك لە بەشەكانی لیژنەكە دەڵێ، وەرزش بە هەموو شێوەیەك لە پرسی عەشایەری دوورە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ عەشایەریش دەستوەردان دەكات لە كاروباری وەرزشی و هەموو فەرمانگەكانی تریش وەردەدات و ئەجێندای خۆی بەسەریاندا زاڵ دەكات. زیاتر گوتی "لیژنەیەك پێكهاتووە بۆ لێكۆڵینەوە لەو بڕیارەی سەرۆكی لیژنە داویەتی، لیژنەكە راپۆرتێكی ئامادە كردووە، بەڵام عەشیرەتی فەرمانبەرەكەی بڕیارەكەی دژ دەركراوە ئامادە نین مامەڵە لە بنەمای یاسا بكەن و دووپاتیان كردووەتەوە كە لەسەر داواكەی خۆیان پاشگەز نابنەوە".

زیاتر گوتی "ناكرێت لەو پرسە بێدەنگ بین، رێ بدەین عەشیرەتەكان دەستوەردان لە كاروباری وەرزشی بكەن، ئەمە رەتكراوەیە و قبووڵكردنی دەبێتە هۆی كردنەوەی دەرگەیەكی گەورە بۆ هەموو عەشیرەتەكان تا لە رێی عەشیرەتەوە دەستبەسەر پۆست و وەرزشی عێراقی بگرن، چونكە ئەمە دەبێتە خوڵقاندنی گاڵتەجاڕییەكی گەورە بۆ وەرزشی عێراقی، تەنانەت لەناو فەرمانگەكانی تریش ئەو دۆخە بوونی هەیە، بەڵام هەر چۆنێك بێ لەوێ كەمێك باشترە".

 عوجەیلی داوای لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراقی كرد كە ئاستێك بۆ دەستوەردانەكانی عەشایەر لە فەرمانگەكان بە گشتی دابنێن كە دەیانەوێت سنووری یاسا بشكێنن و پێشێلی بكەن. زیاتر گوتی "كاری حكوومەتە دامەزراوە و فەرمانگەكانی لە دەستوەردانی عەشایەر بپارێزێت".

دەسەڵاتی عەشایەری لە عێراق دوای 2003 بە شێوەیەكی بەرچاو گەشەی كردووە، ئەمەش لە دەرئەنجامی لاوازییەكی گەورەی دەسەڵاتی حكوومەت و هێزە تەناهییەكان، كە وای كرد عەشایەرەكان هەریەكەیان بۆ خۆی هێزی چەكدار دروست بكات، دواجار وای لێ هات هاووڵاتییان بۆ رای كردنی كارەكانیان پەنا بۆ هێز و توانای عەشیرەتەكانیان ببەن تا بیانپارێزن.
 
تەنانەت لایەنە سیاسییەكانیش موجامەلەیان دەكەن و پشتگیرییان دەكەن
بەرپرسانی عێراقی لەلایەك داوا دەكەن ئاستێك بۆ دەستوەردانی عەشیرەتەكان لە كاروباری دەوڵەت و فەرمانگەكانی خزمەتگوزاری دابنرێت، لەو لاشەوە بەشێكیان هەوڵ دەدەن پێوەندییان لەگەڵیان باش بكەن و بەكاریان بهێنن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و دەنگ كۆكردنەوە.

بەسام علی سەركردە لە هاوپەیمانی سڤیل دەڵێ، هەندێك لایەنی سیاسی هەن دەست بۆ عەشیرەتەكان درێژ دەكەن و دەیانەوێت پێوەندییان لەگەڵیاندا پتەو بكەن بە مەبەستی دەستكەوتی سیاسی لە هەڵبژاردنەكان دەنگیان پێ زیاد بكەن، لە بەرانبەر ئەوەشدا ئەو لایەنە سیاسییانە دەیانەوێت دەنگیان پێ كۆ بكەنەوە". زیاتر گوتی "تا ئێستە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بە رۆڵی خۆیان هەڵنەستاون و پشتگیریی حكوومەتیان نەكردووە، بەڵكو ئەوە حزبەكانن سوود لە دەنگەكانی خۆیان دەبینن كە لە پەرلەمان هەیانە و ئەو جۆرە یاسایانە دەردەكەن كە لە بەرژەوەندییاندایە، بۆیە هەر ئەو حزبانەش هێزی خۆیان بەكار دەهێنن بۆ سوود وەرگرتن لێیان".

 علی روونی كردەوە ئەمە یەكێكە لە دیارترین هۆكارەكانی لاوازبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت و دروستبوون و بەهێزبوونی میلیشیا و گرووپە چەكدارەكانی دەرەوەی دەسەڵات.

رەخنەی ئەوەی لە لایەنە سیاسی و حزبەكان گرت كە دەیانەوێت یاسایەك بۆ عەشیرەتەكان دەربچوێنن كە بڕگە و مادەی زۆر مەترسیداری تێدایە و وا دەكات وڵات بە تەواوەتی دیلی ئەجێندای عەشیرەتەكان بێت و دەسەڵاتی عەشیرەتەكان جگە لەوەی بەرفراوان دەبێت، ئەوا بە یاساییش دەكرێت.

سەرچاوە/ عەرەبی جەدید


وشە - فه‌رمان سادق