سبەی مووچەی تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە دابەش دەكرێت

:: PM:02:36:15/01/2018 ‌
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، سبەی تەواوی ئەو شوێنانەی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەن و مووچەیان وەرنەگرتووە، مووچە وەردەگرن.

ئەمڕۆ دووشەم 15ی كانوونی دووەم، نووسینگەی ڕاگەیاندنی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاندووە، پاش هەوڵ و بەدواداچوونی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سبەینێ 16ی كانوونی دووەم مووچەی تەواوی پێشمەرگە دابەش دەكرێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی ۸٠ و ۷٠ و تەواوی ئەو هێزانەی كە تا ئێستە مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرنەگرتووە، سبەی مووچەكانیان وەردەگرن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە بەهۆی كورتهێنان لە داهاتی هەرێم ماوەی چەند هەفتەیەك دەبێت دابەشكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دوا كەوتووە، هاوكات شەوی ڕابردوو بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە دەنگی ئەوەی ڕەت كردەوە كە مووچەی پێشمەرگە بكرێت بە 300 هەزار دینار و ڕای گەیاند، تەنیا بە پاشەكەوتەوە دابەش دەكرێت كە 5% دەست پێ دەكات.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم