هەولێر و بەغدا لەسەر بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان ڕێككەوتن

:: PM:03:28:15/01/2018 ‌

بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆكەخانەی هەولێر لە هەواڵێكدا ئاشكرای دەكات، لەگەڵ ئەو شاندەی لە بەغداوە هاتوون ڕێككەوتوون فڕۆكەخانەكان بە هاوبەشی بەڕێوە دەبەن و دەروازە سنوورییەكانیش بەهەمانشێوە.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی كانوونی دووەم، لە تویتێكی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەسەر كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی مەهدی عەلاق ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانە و دەروازەكان بەهاوبەشی دەبن، كۆنووسی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆش رادەستی عەبادی دەكرێت.

لە تویتەكەی فڕۆكەخانەی هەولێر هاتووە، بەڵام تا ئێستە هیچ شتێك بەفەرمی واژوو نەكراوە و كۆبوونەوە بەردەوامە.

شاندی حكوومەتی عێراق بەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە هەولێر و كۆبوونەوەی فرەوانی نێوان هەردوولا دەستی پێ كرد، هەریەك لە كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی كوردستان و مەهدی عەلاق ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە دەكەن.

ڕۆژی شەموو شاندێكی كوردستان بە سەرۆكایەتیی كەریم شنگالی گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ كۆ بوونەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق كۆبوونەوەكەی بە بەرهەمدار وەسف كرد و دووپاتی لەوە كردەوە، گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش و دووشەم كە دەكاتە ئەمڕۆ لە هەولێر كۆ دەبنەوە، تا بگەن بە چارەسەر لەسەر كێشەكان.






وشە - رامیار جەواد