سەرپەرشتیاری مەرزی باشماخ بڕی داهاتی ساڵی 2017ـی مەرزەكە بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات 273 ملیار دینار داهاتی هەبووە و 17 هەزار تانكەری گواستنەوەی سووتەمەنی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ دووشەم 15ـی كانوونی دووەم، ئەزوەر مەحموود سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی باشماخ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە ساڵی 2017 هەشت هەزار و 304 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر چوونەتە ئێران و 321 هەزار و 855 ئۆتۆمبێلیش هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و ١٧هەزار و ٣٥٨ تانكەری گواستنەوەی سووتەمەنی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و كە لەو ژمارەیە ٥٠٨ تانكەریان سووتەمەنی نەگونجاویان هێناوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ ئێران.
سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی باشماخ گوتی، لەساڵی ڕابردوودا بڕی ٤٠٣ هەزار تۆن و٢٢٧ كیلۆ خواردەمەنی لە هەموو جۆرەكان هاوردە كراوە، بەم ڕێژەیەیش بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦مەرزەكە لە %٢١ كەمی كردووە.
سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بڕی داهاتی مەرزەكەی ئاشكرا كرد و گوتی، داهاتی ساڵی ڕابردووی مەرزەكە بریتیبوو لە ٢٧٣ ملیار و ٦٦٨ ملیۆن دینار بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ داهاتی مەرزەكە بەڕێژەی لە %٤٠ زیادی كردووە، هەروەها هاتنی گەشتیاران بەڕێژەی %١ زیادی كردووە و ڕۆشتنی گەشتیارانیش بەڕێژەی %٠.٤ زیادی كردووە.
مەرزی باشماخ یەكێكە لەو چوار مەرزە نێودەوڵەتییەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتی ئێران هەیەتی لە ماوەی ڕابردوویش بە بڕیارێكی سیاسی سەرجەم مەرزەكان لەسەر داوای عێراق، ئێران دایخست، بەڵام دواتر بەهۆی زیانی زۆر و خۆپێشاندانەكانی ئێران مەرزەكانی كردەوە.