پارتی لە كەركووك بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات

:: PM:06:49:15/01/2018 ‌
ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك/ گەرمیان بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا ڕای گەیاند، پارتی بڕیاری داوە بایكۆتی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە كەركووك بكات شەرعیەت بە داگیركاری نادات.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 15ی كانوونی دووەم، ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك/ گەرمیان لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند، ئێستە كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەژێر داگیركاری سەربازی دایە و ناسەقامگیرە، بۆیە هەڵبژاردن لەو بارودۆخەدا بەڕێوە ناچێت.

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، پارتی بریاری داوە بایكۆتی پڕۆژەی هەڵبژاردن لەو ناوچانەدا بكات بەتایبەت لە كەركووك شەرعیەت بە داگیركاری نادەین، بەڵام لە هەمان كاتدا خەڵكی ئەم ناوچانە دڵنیا دەكەینەوە، كە سازش لەسەر ناسنامەی كوردستانی بوونی ئەو ناوچانە ناكەین.

"داوا لە جەماوەری كورد پەروەر دەكەین بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكەن وەك هەڵوێستێك بەرانبەر بە داگیركارییەكانی ئێستەی كەركووك و ناوچەكە" لە بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی وا ڕاگەیانراوە.







وشە - سه‌رخێڵ هاشم