بەهۆی خواردنی كەلانەوە 12 كەس رەوانە نەخۆشخانە كران

:: AM:11:35:11/10/2016 ‌
بەهۆی خواردنی كەلانەوە، 12 هاووڵاتیی مەریوان ژەهراوی بوون و بەپەلە گەیەنرانە نەخۆشخانەی ئەو شارە و پزیشكی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەیش دەڵێ، دۆخی دوو لە نەخۆشەكان مەترسیدارە.

شەوی سێشەم، 10ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، خێزانێكی مەریوانی بەهۆی خواردنی كەلانەوە، تەندروستییان تێك دەچێت و دوای ئەوەی پشكنینیان بۆ دەكرێ، دەردەكەوێ ئەو كەلانەیەی خواردوویانە، ژەهراوی بووە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مەریوان بە میدیاكانی راگەیاندووە، دوو لە نەخۆشەكان دۆخیان مەترسیدار بوو، بەڵام بە هەوڵی پزیشكانی نەخۆشخانەكە توانیمان دۆخی تەندروستییان جێگیر بكەین و لە ئێستەدا لەژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.

روونی كردەوە، تەندروستیی سەرجەم نەخۆشەكانی تر جێگیرە و چارەسەری تەواویان وەرگرتووە و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم، مۆڵەتی دەرچوونیان لە نەخۆشخانەی مەریوان پێ بدرێت.

هۆشیار سایەمیری، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی مەریوان بە ماڵپەڕی زرێوار نیوزی راگەیاندووە، نموونەیەك لە كەلانەكە رەوانەی تاقیگەی گشتیی سنە كراوە بۆ ئەوەی پشكنینی لەسەر ئەنجام بدرێت و هۆكاری تەواوەتی ژەهراویبوونەكە دەربكەوێت.

مەریوان سەر بە پارێزگای سنەی باكوری رۆژهەڵاتی كوردستانە و دەكەوێتە 125 كیلۆمەتری رۆژئاوای شاری سنە، مێژووی دامەزرانی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی سەدەیەك لەمەوبەر كە بە فەرمانی ناسر شای قاجار لە دووری هەزار پێی رووباری زرێوار دروست كرا.

وشە/زرێوارنیوز. ئیرنا- هیدایەت جان


وشە - هیدایه‌ت جان