به‌ڕێوه‌به‌رى خوێندنى كوردى له كه‌ركووك رای ده‌گه‌یه‌نێ كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى كه‌ركووك بڕیارى داوه دروشمه كوردییه‌كان له قوتابخانه‌كانى شاره‌كه قه‌ده‌غه بكرێت.
ره‌ئووف محێدین به‌ڕێوه‌به‌رى خوێندنى كوردى به وه‌كاله‌ت له شارى كه‌ركووك له لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌نووسان ده‌ڵێ، "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى كه‌ركووك بڕیارى به‌سه‌ر زۆر له قوتابخانه‌كان داوه، فۆڕمى به‌سه‌ر دابه‌ش كردوون تا به‌ڵێن بده‌ن له‌سه‌ر دیوارى قوتابخانه‌كان دروشمى كوردى و ناوى كوردستان نه‌نووسرێت".
هه‌روه‌ها دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ئه‌و قوتابخانانه ناچار كراون ئه‌م به‌ڵێننامه‌یه بده‌ن، جیا له دروشمه‌كانیش ئاڵاى كوردستانیش له ته‌واوى قوتابخانه‌كان به بڕیار قه‌ده‌غه كراوه.
دواى ریفراندۆمهكهى هه‌رێمى كوردستان و رووداوه‌كانى 16 ئۆكتۆبه‌ر، به‌رپرسانى عه‌ره‌ب و توركمان له شارى كه‌ركووك كه‌وتوونه‌ته جموجۆڵ بۆ دوورخستنه‌وه‌ى به‌رپرسانى كارگێڕى كورد له شاره‌كه و قه‌ده‌غه‌كردنى ناو و ئاڵاى كوردستان.
سه‌ره‌تاى هه‌ڵمه‌تى سووكایه‌تیكردن به دروشمه‌كانى كورد له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى ده‌ستى پێ كرد كه به‌هۆى خیانه‌تى 16 ئۆكتۆبه‌ر هاتنه شارى كه‌ركووكه‌وه، ئێسته‌ش به‌رپرسانى پۆلیس و به‌رپرسه كارگێڕییه‌كان له قه‌ده‌غه‌كردنى دروشمه كوردییه‌كان به‌رده‌وامن.