بوئینگ و ئەیرباس لە پێدانی فڕۆكە بە ئێران دوودڵن

:: AM:09:43:16/01/2018 ‌

بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتنی كۆمپانیای فڕۆكەسازی ئەیرباس بڵاوی كردەوە، ئەو ١٠ فڕۆكەیەی بڕیار بوو بۆ ئێران دروستیان بكات، لە كاتی خۆیدا تەواو نابن.

ئێران ١٠٠ فڕۆكەی جۆری ئەیرباسی لەم كۆمپانیایە كڕیوە كە قۆناغ بە قۆناغ ئەم فڕۆكانە دروست دەكرێن. جۆن لیهی بەڕێوەبەری فرۆشتنی كۆمپانیاكە بۆ رۆیتەرز ئەوەی روون كردووەتەوە كە بەشێك لە هۆكاری دواخستنی دروستكردنی ئەو فڕۆكانە پێوەندی بە كێشەی دارایی هەیە و كۆمپانیای ئەیرباس هیچ پێشەكییەكی لە ئێران وەرنەگرتووە، بۆیە لە دروستكردنیان خاو بووەتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكان كۆمپانیای بوئینگیش كە كۆمەڵێك فڕۆكەی بە ئێران فرۆشتووە، لە بەرهەمهێنانی فڕۆكەكان دەستی راگرتووە و ئەو كۆمپانیایەش گوتوویەتی هیچ بڕە پارەیەكی تا ئێستە لە بری دروستكردنی ئەم فڕۆكانە وەرنەگرتووە.

بوئینگیش گرێبەستی دروستكردنی ٣٠ فڕۆكەی واژوو كردووە. هێڵی ئاسمانیی ئێران زۆر كۆنە، بۆیە دوای كەمبوونەوەی بەشێك لە سزا نێودەوڵەتییەكان ئێران دوای رێككەوتنی ناوكیی دەستی بە كڕینی فڕۆكەی پێشكەوتوو كرد.

بەگوێرەی "بی بی سی" تا ئێستە ئێران سێ فڕۆكەی ئەیرباسی وەرگرتووە.





وشە - سلێمان تاشان