كچه هونه‌رمه‌ند ئه‌میره عه‌زیز ده‌رچووى په‌یمانگه‌یه له شارۆكه‌ى ده‌ربه‌ندیخان و كارى ده‌ستى ده‌كات، له بوارى هونه‌ریدا خاوه‌ن چه‌ندان كارى ده‌ستییه، به‌رده‌وام له پێشانگه تایبه‌ت و هاوبه‌شه‌كان نمایشیان ده‌كات، له دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى "وشه"دا چه‌ند پرسیارێكى رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه.
* ئایا سه‌ره‌تاى كارى ده‌ستیت له بوارى هونه‌رى به‌ئاره‌زووى خۆت بوو؟
ده‌سپێكى كارى هونه‌ریم به ئاره‌زووى خۆم بووه و خۆشه‌ویستیم هه‌بووه بۆ ئه‌و كاره، به‌هۆى ئه‌و ژنه كورده به‌ته‌مه‌نانه‌ى كه بۆنى كورده‌وارییان لێ هاتووه، واى كردووه زیاتر هۆگرى ئه‌و پیشه بم، سه‌ره‌تا بۆ خۆم كارم كردووه و ورده ورده كاره‌كانم زیادى كردووه، چه‌ند كه‌سێك بوونه‌ته هۆى هاندانم كه زیاتر گرنگى و په‌ره به كاره‌كانم بده‌م و پێشانگا بكه‌مه‌وه.
* كاره‌كانت زیاتر كوردهوارین؟
به‌ڵێ كاره‌كانم زیاتر كوردهوارین و مه‌به‌ستم لێی زیندووكردنه‌وه‌ى كولتوورى كورده‌وارییه كه بمێننه‌وه و بۆ هه‌میشه بناسرێن به‌گه‌نج و لاوانى ئێسته‌ش.
* تا چه‌ند ئه‌شقی كارى ده‌ستى بووی كه وێنه‌ى جوان ده‌نه‌خشێنێ؟
به‌ڵێ جیاواز له زۆر كه‌سى تر، هۆگرى ئه‌و كاره بوومه و ڕۆژانه زیاتر گرنگى پێ ده‌ده‌م، كارى جیاوازتریش ئه‌نجام ده‌ده‌م، پێش به‌ده‌ستهێنانى پاره، ئامانجى من به‌رده‌وامبوونه و ناساندنى كولتوورى كورده‌وارییه.
* په‌یداكردنى كه‌ره‌سه‌ته كورده‌وارییه‌كان زیاتر ماندووت ناكه‌ن؟
به‌ڵێ په‌یداكردنى كه‌ره‌سته‌كان ماندووبوونى زۆریان ده‌وێت، به‌ڵام خۆشه‌ویستیى كاره‌كه‌م وا ده‌كات هه‌ست به‌ماندوبوون نه‌كه‌م، ڕاسته داهاتیشى هه‌یه، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم به‌پێی پێویست بارته‌قای ئه‌و ماندووبوونه نییه.
* پێت وا نییه ماده بیانى و جیهانییه‌كان جێى قهنهفڵى كوردى و سێوى مێخه‌ك و جانتاى نه‌خشێنراوى گرتووه‌ته‌وه كه تۆ كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌یت؟
هه‌ر وڵاتێك خاوه‌ن كولتوورى تایبه‌ت به خۆیه‌تى، منیش ده‌مه‌وێت بۆنى مێخه‌ك و سێوى مێخه‌كڕێژ و كاره كورده‌وارییه‌كان بناسێنم، دیاره ئامانج و به‌رده‌وامبوونم هه‌ر ئه‌وه‌یه كه له‌برى ئه‌وه‌ى كه‌ره‌سته‌ی بیانى ببه‌مه ماڵه‌كان، بایه‌خ به كولتووری كوردهواری ده‌ده‌م.
* تا ئێسته چه‌ند پێشانگات كردووه‌ته‌وه؟
تا ئێسته خاوه‌ن دوو پێشانگه‌ى تایبه‌تم له‌ژێر ناوى "یارانى مێخه‌ك"، هه‌روه‌ها له 13 پێشانگاى هاوبه‌ش له زۆربه‌ى شاره‌كان به‌شداریم كردووه، گرنگى زۆرم به كاره‌كانم داوه و لاى زۆر كه‌س خۆشه‌ویست بوونه و زیاتر خواستیان له‌سه‌ره، ته‌نانه‌ت كاره‌كانم داوا كراون بۆ ده‌ره‌وه‌ى كوردستانیش و له‌ڕێى پۆسته‌وه ناردوومه.
* چى بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك جاران ماڵی كورد پڕ بن له بۆن و بهرامى كورده‌وارى؟
با كولتوورى جوانى باوك و باپیرانمان له‌یاد نه‌كه‌ین و وا بكه‌ین به‌رده‌وام بن، به‌هیوام گرنگى زیاتر به‌بۆن و بهرامى كولتوورى خۆمان بده‌ین، به‌داخه‌وه له كوردستان گرنگى به‌وه نه‌دراوه كه كولتوورى تایبه‌ت به‌خۆمان بپارێزین و بمێننه‌وه، به‌هیوام له داهاتوودا گرنگى پێ بدرێت.
* كه‌سانى بیانى كارهكانتیان به‌كار هێناوه؟
كاره‌كانم به‌هۆى هاوڕێكانم له ده‌ره‌وه‌ى وڵات داوا كراون و له‌ڕێى ئه‌وانیشه‌وه كه‌سانى بیانى به‌كاریان هێناون، له هه‌ریه‌ك له وڵاتانى ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا، زۆرم پێ خۆشه كاره‌كانم به‌ده‌ره‌وه‌ش بناسێنم، به‌ڵام پێویستم به‌هاوكارییه.
* زیاتر چ كه‌ره‌سته‌یه‌كی كورده‌وارى به‌كار دێنى بۆ پیشه‌كه‌ت؟
زیاتر پشت به به‌كارهێنانى كه‌ره‌سته‌ى مێخه‌ك و شملى ده‌به‌ستم كه بۆنى تایبه‌تى خۆى هه‌یه، هه‌روه‌ها كه‌ره‌سته‌ى تریش وه‌ك جاجم و به‌ن و به‌رد و زیاتر كه‌ره‌سته كورده‌وارییه‌كان به‌كار دێنم.
* چ جۆره به‌ردێك به‌كار دێنیت له كاتێكدا كاركردن له‌سه‌ر به‌رد ئه‌سته‌می خۆی هه‌یه؟
راسته ئه‌سته‌مه و ماندووبوونى زۆرى ده‌وێت، جگه له‌وه‌ى ده‌سته‌كانت كار ده‌كه‌ن، مێش و فكریشى ده‌وێت، ئه‌مه زیاتر ماندووت ده‌كات، به‌ڵام به‌رد حازره له بازاڕ ده‌یكڕین و به‌كارى دێنین.
* ئه‌ی به‌كارهێنانى به‌ن، چ جۆره كارێكى لێ دروست ده‌كه‌یت؟
به به‌ن زۆر ماندوو ده‌بم، كاتێك له بازاڕ ده‌یكڕم ده‌یهۆنمه‌وه، ده‌یكه‌م به په‌لك كه پێى ده‌ڵێن پرچ، ئه‌وسا به‌كارى دێنم له كاره‌كانمدا.
* كاره ده‌ستییه‌كان پێویستى به شاره‌زایی زۆره و خۆڕسك نییه، ئه‌و شاره‌زاییه‌ت له كوێوه سه‌رچاوه‌ى گرتووه؟
بۆ كاره‌كان ڕه‌نگه‌كان به‌كار دێنم تا زیاتر سه‌رنجڕاكێش بن، زۆرجار واى كردووه خۆم گوته‌ى له‌سه‌ر بڵێم یا لاى شاعیران سه‌رنجڕاكێش بووه و شیعریان له‌سه‌ر نووسیوه، ده‌توانم بڵێم هه‌موو كاره‌كانم بیرۆكه‌ى خۆمن.
* پێت وایه كچانى كورد توانایان هه‌یه كێبه‌ركێی وڵاتان بكه‌ن، به‌ڵام رێ‌یان لێگیراوه؟
به‌ڵێ كچانى كورد زۆر به‌توانان، له هه‌ر بوارێك بێت ده‌توانن و تواناى كێبه‌ركێیان هه‌یه، به‌دڵنیایییه‌وه تا ئێسته وا ده‌زانن ژنان ته‌نیا بۆ چێشتخانه دروست كراون، به‌ڵام زۆر له‌وه به‌تواناترن، ژن و كچانى كورد زۆر به‌هره‌یان هه‌یه، به‌ڵام پێویستیان به‌ده‌ستگرتن و هاوكارییه.
* زۆرجار ژنان دواى ده‌ركه‌وتن له بواره جیاوازه‌كان ڕووبه‌رووى قسه و كێشه‌ى جۆراوجۆر ده‌بنه‌وه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه، رای تۆ چییه؟
سه‌ره‌تاى ده‌سپێكردنى كارێك بۆ ژنان زۆر قورسه، هه‌م ترس و شه‌رم و هه‌م قسه‌ى كۆمه‌ڵگه، پاش ده‌ركه‌وتنیان به‌رپرسیارێتى زیاتره و ده‌بێت زۆر به وریایی كار بكه‌ن، ترس و شه‌رمیش نه‌مێنێ و زۆر گوێ به‌و قسانه نه‌ده‌ن كه ده‌بنه ڕێگر بۆ هێز و تواناى په‌ره‌پێدانى داهاتوویان.
* كار و پڕۆژه‌ى نوێت چییه؟
به‌مزووانه پێشانگایه‌كى تایبه‌ت به‌خۆم ده‌كه‌مه‌وه و بۆ گرووپهكهیشم ئه‌نجام ده‌درێت.
* گرووپێكى هونه‌ریت دامه‌زراندووه و چه‌ندان ژنت تێدا كۆ كردووه‌ته‌وه، ئه‌وان چۆن بتوانن گرنگى بهبههرهكانیان بده‌ن؟
من دامه‌زرێنه‌رى گرووپی كچانى گه‌رمیانم له‌ژێر ناوى "یارانى مێخه‌ك" و ئه‌ندامه‌كان هه‌مووى ده‌ستڕه‌نگینن، ده‌مه‌وێت ببمه ده‌رگه‌یه‌كى كراوه بۆ هه‌موو كچ و ژنێك كه بێت و كار بكات و له‌سه‌ر پێیه‌كانى خۆى بوه‌ستێت، له كاتێكدا ئێسته‌ش به‌پێی پێویست ماف به‌كچان نه‌دراوه و هێشتا به‌رده‌وامن له ئازاردانیان، به‌هیوام هه‌موو خێزانێك هاوكارى كچه‌كانیان بن تا داهاتوویان باش بێت و تووشى نه‌ریتى كۆن نه‌بنه‌وه.
* كارت بۆ پیاو كردووه؟
به‌ڵێ له پاڵ ژنان كارم هه‌بووه بۆ پیاوان و زۆریان بۆن و بهرامى مێخه‌كیان به‌كار هێناوه، ته‌سبیحى قه‌زوانیش تایبه‌ته به پیاو، دیاره له باوكمه‌وه بۆم ماوه‌ته‌وه كه له ته‌مه‌نى پیریدا سه‌رقاڵى ئه‌و كاره‌یه.
وشه/ هه‌ولێر- شاخه‌وان شێخانى