توران بەفەرمی گەڕایەوە توركیا

:: AM:10:16:16/01/2018 ‌

یانەی باشاك شەهیر كە ئێستا لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی توركیایە، بەفەرمی گرێبەستكردنی لەگەڵ ئەردا تۆرانی یاریزانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی دوو وەرز و نیو راگەیاند.

جۆكسل گۆمۆسداگ سەرۆكی یانەی باشاك شەهیر بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی توركیا ئاشكرای كرد تۆران بۆ ئەم وەرزە وەك مووچە 2 ملیۆن یۆرۆ لە یانەكەیان وەردەگرێ، بۆ ساڵی دواتریش 4 ملیۆن یۆرۆی تر وەردەگرێ.

لای خۆشییەوە تۆران دوای پەیوەندیكردنی بە یانەی باشاك رایگەیاند: دڵخۆشم دووبارە گەڕامەتەوە وڵاتەكەم و یاریی تۆپی پێ ئەنجام دەدەمەوە.

چاوەڕوان دەكرێ تۆران هاوكاری یانەی باشاك بكات بۆ بەدەستهێنانی یەكەم ناسناوی خولی توركیا كە ئێستا دوای ئەنجامدانی 17 یاریی بە جیاوازی خاڵێك لەگەڵ یانەی گەلەتەسەڕای پێشەنگی یانەكانی گرتووە.

تۆران /30 ساڵ/ لە هاوینی 2015 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 34 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد، لەگەڵ یانەكەش 6 ناسناوی بەدەستهێنابوو، هەروەها بەشداری لە 55 یاری یانەكەدا كردبوو و تێیدا 15 گۆڵی تۆمار كردبوو.

بەگوێرەی گرێبەستەكە تۆران بۆ ماوەی دوو وەرز و نیو لە یانەكەی شاری ئەستەمبۆڵ دەمێنێتەوە، بەڵام یانەی بەرشەلۆنە دەتوانێ هەر كاتێك بیەوێ ئەو یاریزانەی بفرۆشێ ئەگەر دەستەوارەیەكی شایستەی ئاراستەكرا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م