بوومەلەرزەیەك یۆنانی لەرزاند

:: AM:10:45:16/01/2018 ‌

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.3 بە پێوانەی ریختەر یۆنانی لەرزاند و بوومەلەرزەكە لە ئەسینای پایتەخت بە تەواوی هەست پێ كراوە.

ناوەندی جیۆلۆجیای ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، ناوەندی بوومەلەرزەكە ٢٥ كیلۆمەتر لە باكوری ئەسینا دوور بووە.

سەرچاوەكانی یۆنان بڵاویان كردووەتەوە كە تا ئێستە هیچ زیانێكی گیانی و مادی بە هۆی ئەم بوومەلەرزەیە رانەگەیەنراوە و پێ ناچێت زیانی لێ كەوتبێتەوە، چونكە بوومەلەرزەكە زۆر بەهێز نەبووە.

بەگوێرەی "رۆیتەرز" بوومەلەرزەكە لە ١٠ كیلۆمەتری قووڵایی زەوی رووی داوە. ماوەیەكە روودانی بوومەلەرزە لە هێڵەكانی بوومەلەرزەی یۆنانیش چالاك بووە و ئەمەیان بە بەهێزترین بوومەلەرزەی ئەو وڵاتە لەمساڵدا هەژمار دەكرێت.

دوایین بوومەلەرزەی بەهێز كە لە یۆنان رووی دابێت بۆ ساڵی ١٩٩٩ دەگەڕێتەوە كە گوڕەكەی ٥.٩ بە پێوانەی ریختەر بوو و بەهۆیەوە ١٤٣ كەس گیانیان لە دەست دا.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بوومەلەرزە ناوچەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستانیشی گرتووەتەوە و بەهێزترینیان گوڕەكەی ٧.٣ بوو  لە كرماشان بە سەدان كەسی كوشت و بە هەزاران خانووشی وێران كرد.

لەو ١٢ی تشرینی دووەمەوە بە هەزاران بوومەلەرزەی تر رووی داوە و هێشتا رۆژانە بوومەلەرزە لە هەندێك ناوچە هەست پێ دەكرێن كە گوڕەكەیان دەگەنە چوار و هەندێك جار تا پێنج بەرز دەبنەوە.






وشە - سلێمان تاشان