توركیا بۆ دەیەوێت عەفرین داگیر بكات؟

:: PM:12:12:16/01/2018 ‌

لە چەندان بۆنەدا لە ماوەی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا راشكاوانە رای گەیاندووە كە توركیا دەیەوێت عەفرین داگیر بكات بە پاساوی بوونی هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەو شارەدا، بۆ ئەم مەبەستەش بە بەردەوام هێز و جبەخانەی سەربازی زیاتر دەنێرێتە سەر سنوور، بەڵام تا ئێستە شكستی هێناوە و زیانی زۆریشی پێ گەیشتووە.

بە پێی رێككەوتنی نێوان رووسیا، توركیا و ئێران، رێ بە هێزەكانی سوپای توركیا درا بچنە ناو شاری ئیدلیبی سووری كە دەكەوێتە رۆژئاوای باشووری عەفرین.

عەفرین كە یەكێكە لە شارە كوردییەكان و پێشتر بە چیای كوردان ناسرابوو، لە رووی جیۆسیاسییەوە بایەخێكی زۆر گەورەی هەیە، لە باكور و رۆژئاوا هاوسنووری توركیایە، لە باشووری شاری ئیدلیب و حەلەب هەیە.

حەلەب بەشێكی بەدەستی یەكینەكانی پاراستنی گەلە، بەڵام ئیدلیب بەدەستی دەستەی ئازادكردنی شام (بەرەی نەسرەی پێشتر) ئۆپۆزسیۆنی سووریایە كە سەر بە دەوڵەتی توركیان.

حكوومەتی توركیا لەناو ئیدلیب سێ بنكەی سەربازی كردووەتەوە بۆ هێرشكردنە سەر عەفرین، لە سنوورەكانی خۆیشی هەزاران زریپۆش و تانك و سەربازی كۆ كردووەتەوە و رۆژانە تۆپبارانی گوندەكانی عفرین دەكات.

ئەگەرچی رێگەدان بە هاتنی سوپای توركیا بۆ ئیدلیب لە چوارچێوەی رێككەوتنی لەگەڵ رووسیا و ئێران ئامانج لێی كەمكردنەوەی بارگرژییەكان بوو، بەڵام توركیا ئامانجێكی تری هەیە كە بەرەنگاربوونەوە و شەڕە دژ بە یەكینەكانی پاراستنی گەل كە زۆرینەی هەرەزۆری ناوچە كوردییەكانی سووریایان بە دەستەوەیە.

 بەگوێرەی رێككەوتنەكە توركیا دەبێت 14 بنكەی سەربازی لە ئیدلیب بكاتەوە بۆ سەرپەرشتیكردنی وەستاندنی شەڕ لە نێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆن لەو شارەدا.

توركیا دەڵێت توانیویانە ئامانجەكانی خۆیان بە تەواوەتی بپێكن و رێ نەدەن شەڕ لە نێوان سوپای حكوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆن روو بدات، ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا لە هەندێك ناوچەدا شەڕ هەڵگیرساوەتەوە و بەهۆیەوە 100 هەزار كەس ئاوارە بوونە.

 بەڵام ئامانجی سەرەكی توركیا هێرشكردنە سەر عەفرینە كە بەدەست هێزەكانی پاراستنی گەلە، ئەو هێزەش ئامادەكاری باشی كردووە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی سوپای توركیا وەك خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن.

پێگەی ستراتیجی عەفرین
عەفرین شارێكە لە هەردوو لای، واتە لەوسەری باكوری رۆژئاوا رووباری پێدا تێدەپەڕێت، لەلای رۆژهەڵاتییەوە شاری ئەعزاز و باشووری شاری حەلەب، ئیدلیب هەیە، لە باكور و رۆژئاواشی سنووری لەگەڵ توركیایە.

 عەفرین شارێكی چیایییە و رووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، دەكاتە 2%ی تەواوی خاكی سووریا.

هێزەكانی پاراستنی گەل ئیدارەی شارەكە دەكەن، بەڵام دابڕاوە لە ناوچەی نفووزی ئەو هێزە، بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی 2012ی حكوومەتی سووریا ژمارەی دانیشتووانی 523 هەزار و 258 كەسە، بەڵام ژمارەكە زۆر زیادی كردووە بەهۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆری شارەكانی حەلەب و ئیدلیب و ئەعزاز بەهۆی شەڕەوە روویان تێ كردووە، ئێستە ژمارەكە زیاتر لە ملیۆنێك كەس دەبێت.

لە عەفرین 350 گوند و شار و شارۆكەی گەورە هەیە، گرنگترینیان عەفرین خۆیەتی كە ناوەندی شارەكەیە، دواتریش جندریسە، بلبلە، شیە و راجۆیە.

بەنداوی 17ی نیسان كە یەكێكە لە گەورە بەنداوەكانی سووریا دەكەوێتە سەر رووباری عەفرین خۆی، لە ناوچەی مەیدانێكێ دروست كراوە و بەهۆیەوە عەفرین بووە بە شاری دەریاچەكان و كشتوكاڵێكی زۆری لەبەر دەكرێت.

بەرهەمی زەیتوون و لیمۆی عەفرین زۆر بەناوبانگە، جگە لەمەش چەندان ناوچەی مێژوویی لەو شارە هەیە وەك قەڵای سەمعان و قەڵای نەبی هورۆ و تەپۆڵكەی عەیندارە و بوونی پردی رۆمانییەكان لەسەر رووباری عەفرین و پردی هەرەدرە كە ئەڵمانیا پێش جەنگی جیهانی یەكەم دروستی كردووە.

 جگە لەمە هێڵی شەمەندەفەری بەستنەوەی نێوان توركیا و حەلەب بە عەفرین تێدەپەڕێت كە توركیا خۆی پێش جەنگی جیهانی یەكەم دروستی كردووە.

 بە جۆرێك لە جۆرەكان عەفرین بە تەواوەتی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكینەكانی پاراستنی گەل دابڕاوە، جگە لەوەی سنووری باكور و رۆژئاوای توركیایە، ئەوا باشووری حەلەب و ئیدلیبە كە لە بەردەستی هێزەكانی (درعی فوڕات-ن) كە توركیا یارمەتییان دەدات و پڕچەكیان دەكات، هەروەها شاری ئەعزازیش لە دەستی ئۆپۆزسیۆنە، بۆیە پێشبینی زۆر دەكرا عفرین بە ئاسانی بكەوێتە دەستی توركیا، بەڵام خۆڕاگری یەكینەكانی پاراستنی گەل و بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی توركیا وای كردووە ببێت بە قەڵایەكی پۆڵایین.

لەبارەی كورد، عەفرین شارێكی كوردستانییە و یەكێكە لەو سێ هەرێمە سەربەخۆیانەی كورد لە سووریا ئیدارەی دەدات و بەرگری لێ دەكات. تەنانەت وەك پرسێكی مانەوەی كورد لێی دەڕوانێت و بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت، تەنانەت یەكینەكانی پاراستنی گەل ئامانجیان ئەوەیە ناوچەكانی تری نێوان عەفرین و كۆبانێ رزگار بكات و بەیەكەوەیان ببەستێتەوە.

ساڵح موسلیم سەرۆكی پێشتری پارتی یەكێتی دیموكرات دەڵێ، هێزەكانی پاراستنی گەل چوونە ناو شاری ئیدلیب بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی گرووپە توندڕۆكان.

زیاتر گوتی "ئیدلیب ناوچەیەكی جیۆگرافی گرنگە بە هۆی بوونی ئەو چیایانەی هەیەتی، ئێمە هەوڵ دەدەین بەرپرسیاریەتی سەرشانی خۆمان بەجێ بگەیەنین بۆ دەركردنی هەموو هێزە تیرۆریستییەكان لەو شارە".
  
لە عەفرین بە هەزاران چەكداری هێزی یەكینەكانی پاراستنی گەل هەیە و تا ئێستە وەڵامی هەموو هێرشەكانی توركیا و هێزەكانی سەر بە توركیایان داوەتەوە.

 هاوكات ئەمەریكاش چەند جارێك دووپاتی كردووەتەوە كە پابەند دەبێت بە بەرگریكردن لە هاوبەشەكانی لە سووریا كە هێزەكانی پاراستنی گەلە، بەڵام تا ئێستە خۆی لە وەڵامدانەوەی لێدوانەكانی ئەردۆغان بەدوور گرتووە كە رەخنە لە ئەمەریكا دەگرن لە یارمەتیدانی یەكینەكانی پاراستنی گەل.
 
جێی باسە بەشێكی زۆری چەكدارانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە عەفرین، خەڵكی شارەكەن و سێ بەشی هێزەكانی عەفرینیش بەشداری ئازادكردنی شاری رەقەی پایتەختی داعشیان كردووە، ئامادەی خۆیشیان نیشان دا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین دوای ئەوەی توركیا هەڕەشەی داگیركردنی شارەكەی كرد.

سەرچاوە/ بی بی سی







وشە - فه‌رمان سادق