عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده‌: کورد نەیتوانیوە کولتووری خۆی بە خەڵکی دیکە بناسێنێ

:: PM:01:41:16/01/2018 ‌
به‌شی دووه‌م

وەرگێڕان بە یەکێک لە ئامرازەکانی بەرەوپێشچوونی گەلان دێتە ژماردن، لە هەموو بوارە جیاوازەکانی ژیان بووەتە هۆی سوود وەرگرتن لە ئەزموون و تاقیکردنەوە و چاوکراوەیی ئەوانی تر، لەم دیمانە تێروتەسەلەدا كه‌ به‌ سێ به‌ش بڵاو ده‌بێته‌وه، مامۆستا عەبدوڵا حەسەن زادە وەڵامی چەندان پرسیاری "وشە" لەبارەی وەرگێڕانەوەیە، دەداتەوە.

پ/ پێت وایه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كان وشه‌ی كوردییان تێدا زیندوو ده‌كرێته‌وه‌؟ ئێوه‌ كارتان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كردووه‌؟
لە جێدا یەکێک لە سوودەکانی وەرگێڕان ئەوەیە، کە وشەی کوردیی تێدا بێتە نێو نووسین، ئەمن بۆخۆم ئەو کارەم کردووە، وەختی وایە بۆ یەک مەعنا چەند کەلیمە لە زمانی کوردیدا هەن لە یەک تەرجەمەدا هەمووم بەکار بردوون. مەسەلەن کۆڵەکە، ئەستووندەک، دیرەک، تیرەگ لە یەک کتێبدا چەندی ئاوا کە یەک مەعنا دەدەن هەموویانم بەکار بردوون بۆ ئەوەی ئەوانە بکەونە نێو نووسین و لەبیر نەچنەوە.

بەو جۆرە تەرجەمە بەتایبەتی ئەگەر لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بێ، زامنێکە بۆ پاراستن و بە دۆکیۆمێنتكردنی زمانی کوردی و هەموو زمانێک، چونکی زیندوویان دەکاتەوە، ئەتۆ ڕۆمانیک تەرجەمە دەکەی بەتایبەت ڕۆمانێک لە فڵان مەنتیقەدا ڕووی داوە، لەسەر فڵانە بابەتە، باسی ئەو جۆرە گژوگیایانە دەکات، باسی ئەو جۆرە تەیروتوورانە دەکا کە لەو ناوچەیە هەن، ئەتۆ هەموو ناوە کوردییەکان دێنی، لە نێو کتێبەکەدا تۆماریان دەکەی، ئەوە کارێکی باشە. زامنە بۆ دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی بە نووسین. 

پ/ وەرگێڕان لە زوانی سێیەم و چوارەمەوە دوورکەوتنەوە نییە لە مەبەستی بنووس و دەق تاموچێژی خۆی لە دەست نادات؟
لەوەدا گومان نییە کە ئەگەر بکرێ، وەرگێڕان لە زمانی نووسینەوە بێ، ڕاستەوخۆ لە زمانی یەکەمەوە بێ، باشترە، بەڵام ئەوە بەو مەعنایە نییە، کە ئەگەر لە زمانی دووەم و سێیەمەوە بوو، شتەکە تێک دەچێ. بابەتەکە مەربووتە بەوەی، کە داخوا ئەو موتەرجیمەی لە زمانی یەکەمەوە کردوویەتە زمانی دووەم، لە دووەمەوە کردوویەتە سێیەم، ئەوانە بەڕاستی وەرگێڕێکی باش بوون، چونکی وەرگێڕان ئەوە نییە وشەکانی زمانەکەی بێنیە نێو زمانە تازەکە، وەرگێڕان ئەوەیە ئەو بابەتەی نووسەر باسی دەکات، ئەوت هێنابێتە نێو زمانە تازەکە. ئەگەر وەرگێڕەکانی پێش تۆ، کە بڵێین لە زمانی سێیەمەوە، شتێک دەکەیە زمانی خۆت، ئەگەر ئەوان بە ئەمانەتەوە و بە لێزانییەوە کردبێتیان، دەتوانێ هیچ تەئسیری خراپی نەبێ، ئەمن جارێکی موناقەشەیەکم هەبوو لەگەڵ یەکێک لە وەرگێڕە ناسراوەکان، مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل، ئەو شتێکی لەسەر جڵدی یەکەمی حەمەدۆک نووسیبوو، تانەی لێدابوو، کە وەرگێڕان ئەگەر لە زمانی یەکەمەوە نەبێ عەیبدارە، ئەمنیش هەموو ئەو جێیانەی باسی کردبوون جوابم دابوونەوە. مەسەلەن نووسیبووی لە جێیەکدا دەڵێ، باڵندەکە بەلای چەپدا فڕی، لە کاتێکدا ئەسڵەکە دەڵێ بەلای ڕاستدا فڕی. ئەمن وەڵامم دابووەوە، کە ئەمە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ باڵندە بە لای چەپ یان بەلای ڕاستدا بفڕێ. یان ناوی گیایەک ئەگەر دەقاودەق هەو نەبوو، زەرەرێکی گەورە نادا، چونکی ئەوە لە موختەبەردا نییە. بڵێی تەرکیبی دەرمانەکە وای لێ دێ نەخۆشەکە پێی بمرێ. پاشانیش دەقە فارسییەکانم هێنابوون، کە وەک خۆیان کرابوونە کوردی.

پ/ گرنگی شارەزابوون و زانین زیاتر لە زوانێک بۆ وەرگێڕ چییە؟
وەک گوتم، ئەگەر کابرا بە دووسێ زمانی تر ئاشنا بێ، دەتوانێ موراجەعەی هەمووان بکات، خۆ ئەگەر هەموویان ئەوانەی کە وەریانگێڕاوە، بە ڕاستی و بە زانایی و بە ئەمانەتەوە وەریانگێڕابێ، ڕەنگە هیچ ئیحتیاجیشی نەبێ، چونکی ئەتۆ نێوەرۆکەکەت دەوێ، نیوەرۆکەکە لە یەکێکیان وەردەگری. بەڵام ئەگەر لە جێیەک تێگیرای موڕاجەعەی زمانێکی دیکەیش دەکەی تا بزانی لەویاندا چۆنە؟ 

ئایا ئەو سێچوار وەرگێڕە وەک یەک وەردەگێڕن یان هێندە بە توانان، کە هەمووی وەک خۆی وەرگێڕن؟
دەتوانێ ببێ و دەتوانێ نەبێ، ئەتۆ وەرگێڕانێک دەبینی لە زمانی یەکەمەوەیە، بەڵام سەرکەوتوو نییە. بەهیچ جۆر نەیتوانیوە ئەو مەتڵەبەی نووسەری ئەسڵی دایناوە بیهێنێتە نێو زمانە تازەکەوە.

پ/ لەگەڵ گەیشتنمان بۆ ناو سەتەی (٢١)، هەرایە کەس بەکەس نییە، وەرگێڕان ڕووی لە زۆری و بۆری نەکردووە لە کوردستاندا؟
برادەرێک دەیگوت کێشە ئەوەیە هەر کەسێک لە کێلێ ئاوا بوو، پێی وایە بووەتە فارسیزان و دێتەوە تەرجەمە دەکا، بە داخەوە شتی وا هەیە، کە زۆر بەکەمی لەگەڵ زمانەکە ئاشنا دەبن، هەر بۆ خۆیان دەیانەوێ تەرجەمە بکەن، لەبەرئەوە تێیکەوتوە. ئەوەیش کە دەڵێن زۆری و بۆری، نابێ بەو مەعنایە بێ، کە ئەوانەی هەن هەموویان هەر بۆرن، نەخێر بەڵام کە زۆر بوو، بۆری تێدەکەوێ، ئەودەم خەڵک لە هەڵاواردنی پاک و پیسەکەدا دوچاری گیروگرفت دەبن، کابرا ئەوکات و حەوسەلەیەی نییە ساغی بکاتەوە کامەی دروستە. 

پ/ ڕۆڵی وەرگێڕان چی بووە لە ناساندن و ئاشناکردنی کولتوور و بیرە جیاوازەکان لە دوای ڕاپەڕین، لە کوردستاندا؟
ڕەنگە لەو بارەیەوە لەگەڵ بەتاڵایییەکی دیکە بەرەوڕوو بین، ئەویش ئەوەیە، کورد نەیتوانیوە کولتووری خۆی بە خەڵکی دیکە بناسێنێ، چونکە خەڵکی تر زمانی کوردی نازانن و بایەخی پێ نادات هەتا کولتووری کوردی بەرێتە نێو زمانی خۆی، کوردیش زمانزانی وا و بەتایبەتی مشوورخۆری وای کەم بووە، کە بیروباوەڕەکانی و فەلسەفەکەی بۆ خەڵکی نقڵ بکا. دەنا وا نییە کوردیش هیچی پێ نەبێ و هەر پێویست بێ لە خەڵکی دیکە وەرگرێ، ئێمە نەمانتوانیوە ئەوەی خۆمان هەمانە بیدەین بە خەڵکی، زۆر بە کەمی بەرهەمێکی کوردی کراوە بە زمانێکی بیانی، بۆ نموونە "ژانی گەل"ی برایم ئەحمەد کراوەتە فارسی، چەند شێعرێکی شێرکۆ بێکەس کراونەتە زمانی سوێدی. بەهەرحاڵ ئەوەی کراوە کەم بووە. ئەوەی کە لە خەڵکیمان وەرگرتوە کەم نییە. بەڵام زۆری و بۆری زەربەی لەویش داوە و زۆرجار نەیهێشتوە نێوەرۆک بەو جۆرەی پێویستە بێتە نێو فەرهەنگی کوردییەوە. چونکە کاتێک بە سەقەتی تەرجەمەت کرد، ئەو وەختی مەفهوومەکەیش سەقەت دەبێ.

پ/ هه‌ندێک لە خوێنەران پێیان وایە، وەرگێڕی کورد، خوێنەری کورد بە گەلۆر دەزانن، چونکە لایان گرنگ نییە چی وەردەگێڕن، گرنگ ئەوەیە، ناویان بچێتە سەر بەرگی کتێب و داهاتێک لە وەشانخانەکان وەرگرن؟
ڕەنگە ئەوە بۆ وەرگێڕی ئێستە وا نەبێ، ئاخر وەرگێڕی کورد ئێستە چی دەست دەکەوێ تا بۆ پارەپەیداکردن فێڵ لە خوێنەران بکات؟ زۆر کەم وایە وەرگێڕی کورد پارەیەکی بایی ڕەنجەکەی خۆی دەست کەوێ.  وەرگێڕ بۆچی خوێنەری کورد بە گەلۆر بزانێ. بەڵێ جاران شتی وا هەبوو، ڕەفیقێکی زۆر خۆشەویستم -ناوی نابەم، چونکە نەماوە-، کتێبێکی لە فارسییەوە وەرگێڕابوو، بەمنی پیشان دا زۆری هەڵەوپەڵە تێدابوو، زۆر زۆریش، گوتم کاکە ئەوە نابێ، ئەم کتێبە پڕە لە هەڵە، ئەو گوتی کوڕە کێ ئەوە دەزانێ؟ گوێ مەدەیە دەڕوا. ئەمن زۆرم پێ ناخۆش بوو، کە هەروا لە چاپی دا، پێمگوتم هەق نیە ئەتۆ لەگەڵ ئەوانە تەڕەف بی، کە نازانن، دەبێ لەگەڵ ئەوانە تەڕەف بی کە دەزانن. پاشان نەزانەکانیش دەبێ لیت فێر بن، نەک بچی بەهەڵەیان بەری. ڕەنگە وەرگێڕ توانای خۆی کەم بێ، دەنا بۆچی خوێنەر بە گەلۆر بزانێ؟ خۆ بەداخەوە هیچ وەرگێڕێکیش پێی وا نییە نازانێ، چونکە ئەگەر پێی وابێ نازانێ تەرجەمە ناکا.

پ/ چی بکرێت بۆ بەرەو پێشچوونی وەرگێڕان لە کوردستاندا؟ 
ڕەنگە هەموو کەس ئەو قسەیەی پێ خۆش نەبێ، بەڵام ئەمن ئەوەندەی دژی سانسۆرم بە مەعنا سیاسییەکەی، کە نەیەڵێ فکری ئازاد بڵاو بێتەوە، ئەوەندەیش لایەنگری سانسۆرم، بەو مانایە کە مەرجەعێک هەبێ، بەرهەمی نووسراو و وەرگێڕاو تەماشا بکات، بزانێ بەڕاستی دروستە، زمانەکەی باشە، تەنانەت ڕێنووسەکەی باشە، ئەگەر باش بوو ڕێگا بدا چاپی بکات و ئەگەر کرا کۆمەکیشی بکا. ئەگەر نا بڵێ نابێ چاپ بکرێ، ئەو بێ¬ موبالاتییەی دەسەڵاتی کوردی هەیەتی، یەکێکە لە هۆیەکانی ئەوەی ناوت لێنا زۆری و بۆری, چونکی هەرچی دەنووسرێ چاپ دەکرێ، هەیە پارەی هەیە، بۆ خۆی چاپی دەکا. بەڵام دواتر مێژوو پاکسازییان دەکات. ئەتۆ یەک مانگ خۆت ماندوو بکەی بۆ ئەوەی ناوی شاعیرانی کورد بزانی، ٢٠٠ شاعیرت بۆ کۆ نابێتەوە، لە حاڵێکدا ئێستە کە ئێمە لێرە قسە دەکەین کورد زیاتر لە ٢٠ هەزار شاعیری هەیە. هەر هیی زیندووی ئەوندە هەیە، ئەمە مانای ئەوەیە هێندێکیان لەگەڵ مردنی خۆیان یان پێش مردنی خۆیان بەرهەمەکانیان دەمرن. ئەتۆ بڵێی شاعیرانی دەورانی مەحوی هەر پێنج کەس بووبن، نەخێر ئەوکاتیش بەهەزاران کەس بوون، بەڵام یەک لە هەزاریان نامێننەوە. ئێستە پارەی ئەم وڵاتە خەرجی شتێک دەکەن، کە سبەی دەمرێ، لەوانەیە شوێنەواری خراپیش لەسەر بیرومێشکی ئەو کەسانە دابنێ کە دەیخوێننەوە. ئەگەر خۆیان شارەزا نەبن پاک و پیسەکەیان بۆ لێک هەڵناوێردرێ.

پ/ چۆن بابەتێکی ئەدەبی وەرگێڕین؟
بابەتێکی ئەدەبی یان هەر بابەتێکی تر -مەرج نیە هەر ئەدەبی- دەبێت وەرگێڕەکە هەم زمانەکەی و زمانەکەی دیکە و هەم تەرجەمە بزانێ. ئەگەر ناوەندێک هەبێ ئەوانە هەڵسەنگێنێ، لەبەرئەوە ڕەتی نەکاتەوە کە فیکرە سیاسییەکەی موخالیفی حزبی من یان دەوڵەتی من بێ، بەڵام لەبەرئەوە ڕەتی بکاتەوە، کە ئەوە لاوازە و زمان تێک دەدا، ئەوە ڕەنجی کابرای نووسەری ئەسڵی بە فیڕۆ دەدا، لەبەرئەوە با ڕەتی بکاتەوە. ئەو وەختی دەتوانێ هەر وەرگێڕانێکمان، ئەدەبی، فەلسەفی یان ئابووری بێ، هەموویان سەرکەوتوو بن.

پ/ ئایا دەکرێ وەرگێڕێک لە هەموو ژانرەکانی وێژە کار بکات و بابەتەکان وەرگێڕێت؟
شتی وا هیچ مومکین نییە، لە فارسیدا شتێک هەیە دەڵێ: "همە کارە، هیچ کارە¬است". ئینسانێک چۆن دەتوانێ هەم لە ئەدەبدا، هەم لە فەلسەفەدا، هەم لە سەنعەتدا، لە علوومی فەزائیدا و لە هەموو بوارەکاندا بەتوانا بێ، شتی وا مومکین نییە. 

پ/ کێ وەرگێڕێکی مەلەوانە، دەتوانێت لە دەریای وێژەدا مرواری بژار بکات؟
پێم وایە شتەکە عامتر بکەین باشە. نەک تەنیا ئەدەب، کەسێک ئەو مەرجانەی تێدا بن، کە بۆ وەرگێڕان پێویستن، لە هەموو ئەو بوارانەدا، کە دەیەوێ شتیان تێدا وەربگێڕێ، دەتوانێ ئەو مروارییە کە ئەم لە دەریای وێژەدا، بژاری دەکات، ئەو لە ئابووریدا، لە تەکنیکدا، لە میوزیکدا، لە شێعردا بەدەستی بێنێ. یانی موتەرجیم یان نووسەر ئەو وەختە سەرکەوتووە، کە شارەزای بوارەکە بێ، لە عەینی حاڵدا شارەزای ئەو بابەتە بێ، کە تێیدا دەنووسێ یان تێیدا وەردەگێڕێ. 

پ/ ئایا وەرگێڕ و وەرگێڕان ئاست و پلەیان هەیە؟
بەبێ¬ شک پلە و ئاستیان هەیە بەڵام وەک مەدرەسە نییە، بڵێین ئەمە ئامادەیی تەواو کردووە، ئەوە بەکەلۆریۆسی بەدەست هێناوە، ئەویان ماستەری وەرگرتوە. میزانی ئەوانە لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە فیکرییەکاندا هەڵدەسەنگێنرێ. ئێستە ئەگەر ١٠ وەرگێڕان بۆ تۆ ڕیز بکەن، ڕەنگە بۆ خۆت پلەبەندییان بکەی لە یەک تا ١٠، بەڵام ئیدی قانوونێکی دیاریکراوی نییە بڵێی ئەوانە وەک یەکن. ڕەنگە ئێمە دوو نووسەرمان بە دەست نەکەوێ، کە بڵێین لە هەموو شتدا وەک یەکن، یان دوو وەرگێڕیشمان دەست نەکەون. 

پ/ هێندێک لە بەناو وەرگێڕەکان جگە لەوەی دەقی یەکەم دەشێوێنن و هەرگیز مانای دەقی ڕاستینە ناگەیەنن، زمانیش تێک دەدەن، ئایا چۆن دەتوانرێ ڕێگە لەم دەردە بگیرێ و هەتوانی دەسگیر بێت؟
لە جوابی پرسیارەکانی دیکەدا گوتم، خۆ ئەتۆ دەستی کابرای ناگری قەڵەمی لێ بستێنی؟ زمانی نابەستی تا قسە نەکات, بەڵام ئەگەر ناوەندێکت هەبێ لەو کارانە بەرپرس بێ، هەموومان مەجبوور بین بەرهەمەکانمان بنێرین بۆ ئەم ناوەندە و ئەویش بە ئینسافەوە هەڵیان سەنگێنێ، نەک یەکێکی خۆش بوێ، یەکێکی ناخۆش بوێ، یان نامەیەکی لە گەورە پیاوێکەوە هێنابێ، ئەو مەترسییە نامێنێ. با بە ویژدانەوە و لەبەر مەسئوولیەت بەرانبەر ویژدان و ئەدەبی میللەتەکەمان هەڵیسەنگێنێ بزانێ بە کەڵک دێ یان نا، ئەگەر باش بوو هەم ئیجازەی چاپی بدا، هەم ئەگەر توانی کۆمەگیشی بکا، ئەگەر نا ئیجازەی چاپی نەدا.


وشە - ژیڤان خۆرانی